ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرجەم هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراو و لەناكاو، خرانە حاڵەتی ئامادەباشیی پلەی (ج).
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە: بەهۆی ڕێکارە خۆپارێزییەکان و بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهات و بارێكی نەخوازراو، ڕێنمایی دراوەتە سەرجەم هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق بە چالاککردنی باری ئامادەباشی حاڵەتی (ج).
تا ئێستا وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆی عێراق هۆكاری ئەم حاڵەتی ئامادەباشییەیان بۆ هێزە ئەمنییەكان و دژەتیرۆر رانەگەیاندووە، بۆیە نازانێ چ هۆكارێك لە پشت ئەم حاڵەتە ئامادەباشییەوەیە.
ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژی سێشەممەی رابردووش له نزیك سنوورهكانی عێراق، حكوومەتی سووریا هێزە چەکدارەکانی خستبووە ئەوپەڕی حاڵهتی ئامادەباشیی سەربازییەوە.
وەزارەتی بەرگریی سووریا رۆژی سێشەممە ڕێنماییهكی بهپهلهی بۆ چوونی سهرجهم یەکە سەربازییەکان بۆ باری نائاسایی ئاستی (ج) دەركردبوو، هەروەها هێزێكی زۆریشی ڕەوانەی نزیك سنوورهكانی عێراق كردبوو.
ئەم ڕێکارانە لە سایەی هەڵکشانی گرژییە ئەمنی و ناوچەیییەکان دێن، بەتایبەتی لەسەر سنوورهكانی عێراق-سووریا، کە لەم دواییانەدا توندوتۆڵکردنی ئەمنی زیاتر لەلایەن هەردوولاوە بەخۆیەوە بینیوە.
حکوومەتی عێراق له ماوهكانی رابردوودا چەندین جار جەختی لەسەر پابەندبوونییهكانی خۆی کردبووە بەوەی كه به هیچ شێوهیهك ڕێگە نادات خاکەکەی بۆ هەر دەستدرێژییەک لەسەر وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و پاراستنی هێڵی سنووری لهنێوان عێراق و سهرجهم وڵاتانی دراوسێدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.