وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office) نوێترین ئامارەکانی پەیوەست بە بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، کە لە ئەنجامی چڕکردنەوەی ڕێکارە ئەمنییەکان، توانیویانە دەست بەسەر زیاتر لە 1,000 بەلەم و بزوێنەردا بگرن کە بۆ پەڕینەوەی نایاسایی بەکارهێنراون.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کرد کە هەوڵەکانیان بۆ "گەڕاندنەوەی سیستم بۆ سنوورەکان" ئەنجامی بەرچاوی هەبووە. بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا دەیان هەزار هەوڵی پەڕینەوە لە کەناڵی ئینگلیزەوە پووچەڵ کراونەتەوە، ئەمەش وەک بەشێک لە پلانی حکوومەت بۆ ڕێگریکردن لە گەشتە مەترسیدارە دەریاییەکان.
تێکشکاندنی باندە ڕێکخراوەکان
وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەوە کردەوە کە تەنها ڕێگری لە بەلەمەکان نەکراوە، بەڵکو دەستیان گەیشتووەتە "سەرچاوەی تاوانەکان" و هەزاران تۆمەتباری سەر بە باندە ڕێکخراوەکانی قاچاخچێتیی مرۆییان دەستگیر کردووە. ئەم هەنگاوە ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە نایاساییانەیە کە بازرگانی بە ژیانی کۆچبەرانەوە دەکەن.
فشار بۆ سەر قاچاخچییان
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "ئێمە فشارەکانمان بۆ سەر باندەکانی قاچاخچێتی چڕتر دەکەینەوە تاوەکو ئاسایش بۆ سنوورەکانمان بگێڕینەوە." دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 1,000 بەلەم و بزوێنەر، وەک زەبرێکی تەکنیکی و دارایی گەورە بۆ قاچاخچییان هەژمار دەکرێت، کە پڕۆسەی گواستنەوەی کۆچبەرانی بۆیان قورستر و پڕ تێچووتر کردووە.
چاودێرانی ئەمنی لە بەریتانیا دەڵێن، بڵاوکردنەوەی ئەم ئامارانە لەم کاتەدا نیشانەی پێداگریی ئیدارەی نوێی لەندەنە لەسەر جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، لە کاتێکدا کە پرسی کۆچی نایاسایی هێشتا وەک یەکێک لە تەحەدا هەرە گەورەکانی بەردەم حکوومەتی بەریتانیا ماوەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.