Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 01:23

خۆرگیرانی تەواو لە ئیسپانیا و فەڕەنسا دەبینرێت

100%

ئاژانسەکانی کەشناسیی ئەوروپا ڕایانگەیاند، کە بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو (ڕێکەوتی 12ی ئاب)، دیاردەیەکی دەگمەنی خۆرگیرانی تەواو لە ئاسمانی بەشێک لە وڵاتانی ئیسپانیا و فەڕەنسا ڕوو بدات، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕین بۆ توێژەران دەڕەخسێنێت تاوەکو لێکۆڵینەوەی وردتر لەسەر چالاکییەکانی خۆر ئەنجام بدەن.

بەپێی ڕاپۆرتە گەردوونییەکان، دوای زیاتر لە سەدەیەک، دانیشتووانی ئیسپانیا لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراو وەک ئۆڤیدۆ، بورگۆس و پاڵما، دەتوانن بە ڕوونی چاودێریی ئەم خۆرگیرانە بکەن. زانایان تەنها 1 خولەک و 40 چرکەیان لەبەردەست دەبێت تاوەکو لە ساتی تاریکبوونی تەواوەتیدا، زۆرترین زانیاری و داتا لەسەر بەرگەهەوای خۆر کۆبکەنەوە.

گرنگیی زانستیی خۆرگیرانەکە
ئاژانسی هەواڵی "فرانس پرێس" لە زاری ئالان ساچا برون، زانای فیزیای ئەستێرەیی و بەڕێوەبەری توێژینەوە لە کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی فەڕەنسا، بڵاویکردەوە کە ئامانجی سەرەکی لەم چاودێریکردنە، تێگەیشتنە لەو میکانیزمە فیزیاییانەی کە لە پشت چالاکییەکانی خۆرەوەن. ئەم توێژینەوانە یارمەتی زانایان دەدەن تاوەکو لە ڕێڕەوی پەرەسەندنی خۆر و گۆڕانکارییەکانی تێبگەن.

برون ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم خۆرگیرانە دەرفەت دەدات لێکۆڵینەوە لە خۆر بکرێت وەک ئەستێرەیەکی چالاک کە بەردەوام گەردیلە بارگاوییەکان و زریانی خۆری زەبەلاح دەرئەدات، کە هەندێکجار تەقینەوەکانیان بە مەودای سەدان هەزار کیلۆمەتر بڵاودەبنەوە.

خولی 11 ساڵەی خۆر
ئەم زانایە ڕوونی کردەوە کە چالاکییەکانی خۆر خولێکی ڕێکوپێک پەیڕەو دەکەن و هەر 11 ساڵ جارێک دەگەنە لوتکە. زانایانی کۆمیسیۆنی وزەی ئەتۆمی فەڕەنسا بڕیاریان داوە لە کاتی خۆرگیرانی 12ی ئابدا، سەرنجی تەواویان لەسەر لایەنە شاراوەکانی خۆر بێت تاوەکو نهێنییەکانی ئەو زریانە گەردوونییانە بدۆزنەوە.

لەبارەی هاوسەنگیی نێوان زەوی و خۆر و مانگ، ئالان برون وتی: "دەرفەتێکی باوەڕپێنەکراومان لەبەردەمدایە؛ مانگ نزیکەی 400 هێندە لە خۆر بچووکترە، بەڵام هاوکات 400 هێندە لە ئێمەوە نزیکترە، ئەمەش ئەو هاوسەنگییە دەگمەنە دروست دەکات کە ڕێگە دەدات خۆرگیرانێکی تەواو (Total Eclipse) ڕوو بدات."

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.