Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 12:29

چین دوای سزا بازرگانییەکانی ئەمریکا ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوه‌ ده‌گرێته‌به‌ر

کوردستان TV
100%

ئه‌مڕۆ چوارشەممە، حكوومه‌تی چین ڕایگەیاند، کە سنوورێک بۆ هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئەمریکا دەسەپێنێت و شەش کۆمپانیا دەخاتە لیستی ڕەشەوە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ سزا بازرگانییەکانی واشنتۆن و به‌رزكردنه‌وه‌ی زیاده‌ی گومرگیی به‌سه‌ر كالا چینییه‌كانه‌وه‌.

ئەم هەنگاوە دوای چەند ڕۆژێک دێت لە سەپاندنی باجی نوێ لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر چین و 59 وڵاتی تردا، ئەمەش لە چوارچێوەی زنجیرەیەک ڕێوشوێنی بازرگانی كه‌ به‌م دواییانه‌ ئه‌مه‌ریكا گرتیه‌به‌ر.

گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانی چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ڕێوشوێنەکانی ئەمریکا زیانێکی جددی بە ماف و بەرژەوەندییە ڕەواکانی چین گه‌یاندووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، چین هیچ بژاردەیەکی نەبوو جگە لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی بەرپەرچدانەوەی پێویست، لەوانە توندکردنەوەی کۆنترۆڵەکانی هەناردەکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و پێکهاتەکانیان و تەکنەلۆژیا سەرەکییەکانی بۆ ئەمریکا.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕێوشوێنەکانی چین هەروەها بریتین لە "ڕاگرتنی چاودێریکردنی شوێنی بەرهەمهێنان لەلایەن دەزگاکانی باوەڕپێکردنی چینییەوە، خستنە لیستی ڕەشی کۆمپانیاکانی تاقیکردنەوەی یەکسانیی ئەمریکی و کردنەوەی لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی بۆ هاوردەکردنی چاپکەر و کۆپیکەری ئۆفیسەکان".

هەروەها پەکین سزای بەسەر شەش کۆمپانیای ئەمریکیدا سەپاند، لەنێویاندا کۆمپانیای بایۆتەکنەلۆژیای ئەپلاید دی ئێن ئەی ساینس و کۆمپانیای توێژینەوەی ستراتم ڕیزۆرڤەر.

جگه‌ له‌وه‌ ڕێگری لە ڕێکخراو و هاووڵاتییانی چینی کراوه‌ کە به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت مامەڵە، هاوکاری، یان هەر چالاکیەکی دیکەی پەیوەندیدار لەگەڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ ئەنجام بدەن".

 

جیهان ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.