Erbil 31°C پێنجشەممە 06 ئاب 04:47

ترەمپ هۆشداری تووند دەداتە ئێران

Kurdistan Ahmed
100%


لە کاتێکدا جیهان بە وریاییەوە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی قەیرانی گەرووی هورمز دەکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی ئەرێنی لەبارەی دانوستانەکانەوە بڵاوکردەوە، بەڵام هاوکات هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد کە ئەگەر لەم قۆناغەدا پاشەکشە بکات، ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی سەربازیی بێ پێشینە دەبێتەوە.

ترەمپ لە شاری لۆس ئەنجلۆس لەبەردەم ڕۆژنامەنووساندا گەشبینیی خۆی بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان نیشان دا و ڕایگەیاند: گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران زۆر بە باشی بەرەو پێش دەچن. ترەمپ جەختیشی لەوە کردەوە کە 48 کاتژمێری داهاتوو بۆ هەردوولا و بۆ سەقامگیریی بازاڕەکانی جیهان یەکجار گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبن.

ئەم لێدوانە گەشبینانەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بۆ ماوەی دوو هەفتە لەژێر ئاگری بۆردومانە چڕەکانی سێنتکۆمدا بووە. بەرپرسانی باڵای واشنتۆن پێیانوایە کە فشارە سەربازییەکان تارانیان ناچار کردووە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام هێشتا گومان لەسەر جیدییەتی لایەنی ئێرانی لە جێبەجێکردنی مەرجەکاندا ماوە.

وڵاتی قەتەر، کە وەک یەکێک لە نێوەندگیرە سەرەکییەکانی ئەم قەیرانە دەردەکەوێت، پشتڕاستی کردەوە کە گفتوگۆکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو. لەگەڵ ئەوەشدا دەوحە هۆشداریی دا کە سەرەڕای پێشکەوتنەکان، تاوەکو ئەم ساتە هیچ ڕێککەوتنێکی فەرمی و کۆتایی واژۆ نەکراوە.

لە لایەکی دیکەوە، تاران گێڕانەوەیەکی جیاوازی بۆ ڕووداوەکان هەیە. بەرپرسانی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەوان ڕێگە بە دەستوەردانی ئەمریکا لە بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز ناكەن و پێداگری لەوە دەکەن کە گفتوگۆکانیان تەنیا لەگەڵ  وڵاتی عومانە بۆ دابینکردنی ڕێڕەوێکی پارێزراوی کاتی. ئەم دووفاقیبوونە لە گێڕانەوەکاندا، نیشانەی هەستیاریی پڕۆسەکەیە، کە تێیدا تاران نایەوێت وەک لایەنێکی شکستخواردوو لەبەردەم ئەمریکادا دەربکەوێت.

ئەم قەیرانەی ئێستا دەرەنجامی شکستی ڕێککەوتنێکی کاتییە کە لە 18ی حوزەیرانی ڕابردوودا لەنێوان هەردوولا کرابوو. ئەمریکا ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕێککەوتنەکەی پێشێل کردووە دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر چەند کەشتییەکی بازرگانی لە گەرووی هورمزدا. وەک پەرچەکردار واشنتۆن زنجیرەیەک هێرشی وێرانکەری دژی ناوەندەکانی فەرماندەیی، سیستەمەکانی ڕادار و ژێرخانی سەربازیی سوپای پاسداران ئەنجامدا تاوەکو تاران ناچار بە پاشەکشە بکات.

ترەمپ لە لێدوانە نوێیەکەیدا ئاشکرای کرد، کە بۆ نیشاندانی نیازپاکی، چەند هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوی بۆ سەر ناوخۆی ئێران لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵام سەرۆکی ئەمریکا مەرجی توندی بۆ ئەم نەرمییە داناوە، کە بریتین لە کردنەوەی تەواوەتیی گەرووی هورمز و کۆتاییهێنان بە هەر جۆرە هەڕەشەیەکی ئەتۆمی.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)، زمانێکی یەکجار توندی بەرامبەر بە ئێران بەکارهێنا و گوتی: ئەگەر جارێکی دیکە لە دانوستانەکان پاشەکشە بکەنەوە، ئەوا زۆر بە توندی لێیان دەدرێت. ئەو جەختی کردەوە کە گەرووی هورمز بە هەر نرخێک بێت دەکرێتەوە، یان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە یان لە ڕێگەی هێزێکی سەربازیی کوشندەوە کە تاران ناتوانێت بەرگەی بگرێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.