نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمشەو چوارشەممە بە سەردانێك دەگاتە بەغدا و بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەكات، دواتریش سەرۆكی هەرێم هەر لە بەغدا چەند كۆبوونەیەكی دیكەش لەگەڵ بەرپرسان ئەنجام دەدات.
دلشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی سەردانەكە رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، سەردانی بەغدا دەكات.
دلشاد شەهاب راشیگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر چوار سەرۆكایەتییەکەی عێراقی فیدراڵ، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لایەنە پێكهێنەرەكانی حكوومەتی فیدراڵی تیایدا بەشدار دەبن، چەندین پرسی پەیوەست بە دۆخی ئێستای عێراق، دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە بە گشتی و چۆنیەتیی هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان هەموو لایەنەكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عێراق و دەربازبوون لەم قۆناغە هەستیارە و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و خزمەتكردنی هاووڵاتییان، تاوتوێ دەكرێن.
گوتەبێژی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی ئاشكرا كر كە، لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، نێچیرڤان بارزانی دیدار و كۆبوونەوەی دیکە ئەنجام دەدات و پرسی پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا و کارکردنی هاوبەش بە ئاراستەی هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری نێوانیان، تاوتوێ دەکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.