Erbil 31°C چوارشەممە 05 ئاب 14:35

توێژینەوەیەک: کەمیی ڤیتامین D مەترسیی تووشبوون بە ئەلزهایمەر و بیرچوونەوە زیاد دەکات

100%

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری زانستیی Neurology Open Access بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای کردووە کە کەمیی ڤیتامین D لە تەمەنی ناوەڕاستدا پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە گەشەکردنی نەخۆشیی ئەلزهایمەر و تێکچوونی خانەکانی مێشکەوە هەیە.

زانایان لەم توێژینەوەیەدا، شیکارییان بۆ داتاکانی 793 بەشداربوو لە پڕۆژەی تەندروستیی دڵی فرامینگهام کردووە، کە تێکڕای تەمەنیان لە کاتی وەرگرتنی نمونەی خوێندا 39 ساڵ بووە. دوای تێپەڕبوونی 16 ساڵ بەسەر پشکنینەکاندا، تیشکی جۆری (PET) بۆ بەشداربووان ئەنجامدراوە بە مەبەستی پێوانەکردنی ئاستی کۆبوونەوەی پڕۆتینەکانی تاو و بێتا ئەمیلۆید، کە دوو پڕۆتینی سەرەکین لە پەرەسەندنی نەخۆشیی ئەلزهایمەردا.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە بەرزبوونی ئاستی ڤیتامین D لە تەمەنی ناوەڕاستدا، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی کۆبوونەوەی پڕۆتینی تاو لە مێشکدا. ئەم پەیوەندییە بەتایبەتی لەو ناوچانەی مێشکدا بەدی کراوە کە بەرپرسن لە یادەوەری و لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ئەلزهایمەردا کاریگەر دەبن. لە بەرانبەردا، توێژینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی لە نێوان ڤیتامین D و پڕۆتینی بێتا ئەمیلۆید دا نەدۆزیوەتەوە.

توێژەران جەخت دەکەنەوە کە ئەم ئەنجامانە تەنها پەیوەندییەکی ئاماری دەسەلمێنن و هێشتا بەو مانایە نین کە خواردنی تەواکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین D ڕاستەوخۆ مرۆڤ لە بیرچوونەوە دەپارێزێت، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کەمیی ئەم ڤیتامینە دەکرێت وەک فاکتەرێکی مەترسی بۆ تێکچوونی دەمارەکان هەژمار بکرێت.

لە لایەکی دیکەوە، توێژینەوەیەکی دیکە کە لە گۆڤاری  Frontiers in Nutritionبڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کەمیی ڤیتامین D ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سەر و مل زیاد دەکات. هەروەها زانایان ئاماژە بەوە دەکەن کە پاراستنی ئاستی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی پیربوونی خانەکان و ڕێگری لە خەمۆکی و کێشەکانی لەدەستدانی بیستن دەکات.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.