Erbil 31°C سێشەممە 04 ئاب 02:58

کچان و ئافرەتان زۆرترین ڕێژەی دەستنیشانکردنی ئۆتیزمیان دوای پەتای کۆرۆنا تۆمار کردووە

100%

لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئەمریکی کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرای دەکات کە لە دوای سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆناوە، ڕێژەی دەستنیشانکردنی کۆنیشانەی تەیفی ئۆتیزم بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

توێژەران جەخت دەکەنەوە کە ئەم زیادبوونە بە واتای زیادبوونی خودی تێکچوونەکە نایەت، بەڵکو پەیوەندی بە باشتربوونی توانای پزیشکانەوە هەیە بۆ دۆزینەوەی ئەو حاڵەتانەی پێشتر دەستنیشان نەدەکران، بەتایبەتی لەنێو کچان و ژناندا.

بەپێی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە، ڕێژەی دەستنیشانکردنی ئۆتیزم لەنێو مێینەدا ساڵانە بە ڕێژەی 19% زیادی کردووە؛ بە جۆرێک لە ساڵی 2016دا تەنها 284 حاڵەت تۆمارکرابوو، بەڵام لە ساڵی 2024دا ئەم ژمارەیە بۆ 513 حاڵەت بەرزبووەتەوە. توێژەران ڕوونی دەکەنەوە کە کچان و ئافرەتان لە مێژوودا کەمتر وەک تووشبووی ئۆتیزم دەبینران، ئەمەش بەهۆی جیاوازیی دەرکەوتنی نیشانەکان لای ئەوان و بوونی جۆرێک لە شاردنەوەی نیشانەکان، کە وایکردووە بە تێکڕا 3.5 ساڵ درەنگتر لە ڕەگەزی نێر حاڵەتەکانیان دەستنیشان بکرێت.

هەروەها لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆرترین ڕێژەی زیادبوون لەنێو کچانی هەرزەکاردا تۆمارکراوە، کە دەگاتە 22% بە شێوەی ساڵانە. ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی هۆشیاری و فراوانبوونی پرۆگرامەکانی هەڵسەنگاندن دەگەڕێتەوە، نەک بۆ دروستبوونی حاڵەتی نوێ بەهۆی پەتای کۆرۆناوە.

لە لایەکی ترەوە، توێژینەوەکە بە ڕاشکاوی هەموو دەنگۆیەکی پەیوەست بە کۆرۆنا و ئۆتیزم ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت: هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە بسەلمێنێت تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا یان وەرگرتنی ڤاکسینەکانی دژی ئەم ڤایرۆسە، ببێتە هۆی دروستبوونی ئۆتیزم. ئاماژە بەوەش کراوە کە هۆکارەکانی ئۆتیزم هەر وەک خۆیان ماونەتەوە کە بریتین لە هۆکاری بۆماوەیی و هۆکارە ژینگەییەکان کە کاریگەرییان لەسەر گەشەی مێشک هەیە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیاندا.

لە کۆتاییدا پزیشکان ڕوونی دەکەنەوە کە پەتای کۆرۆنا لە سەرەتادا بووە هۆی پەکخستنی پرۆگرامەکانی پشکنینی پێشوەختە، بەڵام دوای ئاساییبوونەوەی ژیان و بڵاوبوونەوەی شێوازەکانی هەڵسەنگاندن لە ڕێگەی ئۆنلاین و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە، توانراوە ئەو بۆشاییە پڕبکرێتەوە و زۆرێک لەو حاڵەتانەی ساڵانێک بوو پشتگوێ خرابوون، دەستنیشان بکرێن.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.