Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 18:40

پەیامی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یادی 43 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان

100%

سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یادی 43 ساڵەی جینۆسایدی بارزانییەكان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و تێیدا سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و تەواوی گەلی كورد دەكات.

عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی پەیامەكەی بە زمانی كوردی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاو كردۆتەوە و تێیدا نووسیویەتی "‏لە 43یەمین ساڵیادی تاوانی ڕژێمی بەعس دژ بە بزووتنەوەی نیشتمانیی کورد و جینۆسایدکردنی بارزانییەکان، لە بیرەوەریی گەلی عێراقمان بەگشتی و گەلی کوردمان بەتایبەتی تێدەپەڕێت".

هەروەها نووسیویەتی "ئەم تاوانە، کە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک سەرکوتکاری و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی ناسنامە، بڵاوکردنەوەی ترس و دروستکردنی گۆڕی بەکۆمەڵ ئەنجامدرا، لە کۆتاییدا شکستی هێنا لە شکاندنی ئیرادەی گەلی عێراق کە هەمیشە ستەم و دیکتاتۆریەتی ڕەت کردووەتەوە".

عەلی فالح زەیدی ئاماژەی بەوەشداوە "‏لەم یادە ئازاربەخشەدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی گەلی کوردمان و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەتایبەتی بەڕێز مەسعود بارزانی دەکەین".

سەرۆك وەزیرانی عێراق دەشڵێت "پێزانینی بەرزمان هەیە بۆ ئەو قوربانیدانە مەزنەی کە لەگەڵ قوربانیدانی تەواوی عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەشدار بوو لە هەڵهاتنی خۆری ئازادی و دامەزراندنی سیستەمی دیموکراتیی فیدراڵیمان؛ ئەو سیستمەی هەمووان لە سایەیدا مافە دەستوورییەکان و شکۆ و ڕێزیان بەدەست هێنا".

لە كۆتاییدا عەلی فالح زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردەوە لەسەر بەردەوامبوون لە کاری نیشتمانیی دڵسۆزانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاستەنگەکان، لەپێناو عێراقێکی بەهێز و ئازاد و خاوەن سەروەریی تەواو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.