Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 13:40

پەیامی سەرۆکی حکوومەت بۆ ساڵیادی جێنۆسایدی بارزانییەکان

100%

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندا، ئەمڕۆ هەینی پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا داوای لە حکوومەتی فیدراڵ كرد ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەدا هەروەها رایگەیاند: پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی کوردستان، قوربانییەکی زۆر و بێوێنەی لەپێناو مافە ڕەواکانی داوە.

دەقی پەیامی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت لە یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندا:-

ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق تێدەپەڕێت کە کۆمەڵکوژی و جێنۆسایدکردنی هەزاران مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە.

لەم یادە خەمناکەدا، بە ڕێز و شکۆوە یادی بارزانییە ئەنفالکراوەکان و گشت شەهید و ئەنفالکراوەکانی کوردستان لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و کوردی فەیلی و شنگال دەکەینەوە. پێزانینی زۆرمان بۆ هەموو ئەو جوامێرانە هەیە کە لەو ڕۆژگارە سەختانەدا، یارمەتی و هاوکاریی کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییە ئەنفالکراوەکانیان کرد.

لەم یادەدا، دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکوومەتی فیدراڵ ئەرکی دەستووری و بەرپرسیارەتیی ئەخلاقیی خۆی جێبەجێ بکات و بەشێوەیەکی شایستە، قەرەبووی کەسوکاری قوربانییانی شاڵاوەکانی جێنۆساید و ئەنفال و هەموو کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکاتەوە.

هەروەک پێویستە خەڵکی کوردستان ئەم تاوانانەی هەرگیز لە یاد نەچێتەوە و بزانێت کە گەلی کوردستان، قوربانییەکی زۆر و بێوێنەی لەپێناو مافە ڕەواکانی داوە، بۆیە هەرگیز دەستبەرداری دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی نابێت و بە هەموو شێوەیەک پارێزگارییان لێ دەکات.

لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییان، سڵاو لە گیانی پاکی گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان .

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

31ی تەمموزی 2026

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.