Erbil 31°C ھەینی 31 تەمووز 11:01

پەیامی نێچیرڤان بارزانی لە یادی ئەنفالی بارزانییاندا

100%

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ هەینی لە یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندا، پەیامێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند "لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە".

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامەكەدا راشیگەیاند "جینۆسایدکردنی بارزانییان و گشت شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵى نيشتمانن، بەڵام ئیرادەی گه‌لى كوردستانيان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە ڕەواکانی بەهێزتر کرد".

نێچیرڤان بارزانی هەروەها سوپاسی خەڵکی دڵسۆز و وه‌فادارى شاری هەولێر و دەوروبەری كرد کە لەو ڕۆژگاره‌ سەختانەدا‌ بوونە هاوکار و پەناگە بۆ خێزانە لێقەوماوەکانی بارزانييان.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یادی 43 ساڵەی ئەنفالی بارزانییەكاندا:-

ئەمڕۆ چل و سێ ساڵ بەسەر تاوانی جینۆساید و ئەنفالکردنی هەشت هەزار مێردمنداڵ و گەنج و پیاوی سڤیلی بارزانیدا تێدەپەڕێت. لەم یادە بەئازارەدا، سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکی شەهیداندا دادەنوێنین و بە شکۆوە یادیان دەکەینەوە.

دوای ئەم تاوانە دڕندانەیە، ئەرکێکی قورس کەوتە سەر شانی دایکان و هاوسەرانی سەربەرزی بارزانی. ئەوان بە خۆڕاگری، ورەی بەرز و بەخێوکردنی ڕۆڵەکانیان لەناو ڕەنج و ئه‌وپه‌ڕى سه‌ختيدا، نەک هەر ڕێگەیان نەدا ئامانجی دوژمنان بۆ قڕکردنی ئەم گەلە بێتە دی، بەڵکوو نەوەیەکی نيشتمانپه‌روه‌ريان بۆ داهاتووى کوردستان پێگەیاند. دەستی یەک بە یەکی ئەو دایکە ماندوو و میهره‌بانانه‌ ماچ دەکەم.

جینۆسایدکردنی بارزانییان و گشت شاڵاوەکانی ئەنفال، برینی قووڵى نيشتمانن، بەڵام ئیرادەی گه‌لى كوردستانيان بۆ مانەوە و بەرگری لە مافە ڕەواکانی بەهێزتر کرد. لێرەوە جارێکی دیکە جەخت لەسەر ئەرکی ئەخلاقی و یاساییی حکوومەتی عێراق دەکەینەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ئەنفالكراوان و ته‌واوى قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشوو.

دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه‌ كه‌ دەبێ تاڵییەکانی ڕابردوو و ئازاری کارەساتەکان، بۆ داهاتوو ببنە په‌ند و وانه‌ و هەوێنی چەسپاندنی کولتووری یەکترقبووڵکردن و تەبایی، تا ڕێزله‌يه‌كگرتن و لێكگەیشتن و ئاشتییەکی بەردەوام، كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق بێت و هه‌مووان بە شکۆ و سەربەرزی پێكه‌وه‌ بژین.

لەم یادەدا، سڵاو و پێزانینی قووڵمان ئاراستەی خەڵکی دڵسۆز و وه‌فادارى هەولێر و دەوروبەری و سنووری پارێزگاکه‌ و هەموو ئەو جوامێرانە دەکەین کە ئەو ڕۆژگاره‌ سەخته‌ هاوکار و پەناگە بوون بۆ خێزانە لێقەوماوەکانی بارزانييان.

سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی ئەنفالکراوانی بارزانی و تەواوی شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2026/7/31

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.