گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای بەدرۆ خستەوە و جەختی کردەوە کە حکوومەتی عێراق هیچ ئاگادارییەکی پێشوەختەی لەسەر ئەو هێرشانە نەبووە کە کراونەتە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە ناوخۆی عێراقدا.
بەرەبەیانی دوینێ چوارشەممە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریکا و سعوودییە هێرشێكی ئاسمانی هاوبەشیان كردە سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە چەند پارێزگایەكی عێراق، لە ئەنجامی هێرشەكە 20 كەس كوژراون و 32 كەسی دیكەش برینداربوون.
دوای ئەنجامدانی هێرشەكان، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند كە هێرشەكانیان بە ئاگاداری و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق ئەنجامداوە.
حەیدەر عەبوودی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی ڕەتی دەکاتەوە و سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە ئەمریکی-سعوودییە دەکات کە سەروەریی نیشتمانیی عێراق دەبەزێنێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکوومەتی عێراق هەمیشە پێی وابووە و ئێستاش لەسەر ئەو بڕوایەیە کە چارەسەرە دیپلۆماسی و گفتوگۆكان تاقە ڕێگەن بۆ دوورخستنەوەی ناوچەکە لە قەیرانی زیاتر و ئاڵۆزتربوون".
حەیدەر عەبوودی جەختیشی کردەوە کە "عێراق بەهیچ شێوەیەك ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات خاکی وڵاتەكەی بەكاربهێنرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ".
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق گوتیشی "حکوومەت هیچ ڕەزامەندییەکی نەداوە بۆ جێبەجێکردنی هێرش بۆ سەر شوێنێكی دیاریکراو یاخود گرووپی دیاریکراو لە ناو خاکی عێراقدا". دووپاتیشی کردەوە کە "حکوومەت هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەبارەی جێبەجێکردنی ئەو هێرشانە لەسەر خاکی عێراق نەبووە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.