توێژینەوەیەکی نوێ جارێکی دیکە مشتومڕی لەبارەی خێرا فراوانبوونی گەردوون دروست کردووە، کە یەکێکە لە گرنگترین ئەو بەڵگانەی زاناکان بۆ سەلماندنی هەبوونی ماددەی تاریک پشتی پێ دەبەستن.
پڕۆفیسۆر سۆبیر سارکار لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و هاوکارانی، لە گۆڤاری زانستی (Monthly Notices of the Royal Astronomical Society) توێژینەوەیەکیان بڵاوکردووەتەوە و تێیدا گومانیان لەو مۆدێلە گەردوونییە کردووە کە ئێستا باوە.
توێژەران پشتیان بە کەتەلۆگی (Pantheon+) بەستووە کە زانیاریی دەربارەی 1701 تەقینەوەی ئەستێرەیی (Supernova) لە جۆری (Ia) تێدایە. ئەم تەقینەوانە وەک مۆمی پێوانەیی لە زانستی فەلەکناسیدا بەکاردێن بۆ خەمڵاندنی دووریی گەلەئەستێرە دوورەکان. لە ساڵانی 1990دا، چاودێریکردنی ئەم جۆرە تەقینەوانە وای لە زاناکان کرد بگەنە ئەو ئەنجامەی کە گەردوون بە خێراییەکی زیادبوو فراوان دەبێت.
بەڵام تیمی پڕۆفیسۆر سارکار ئاماژە بە ئەگەری هەبوونی هەڵەیەکی ڕێکاری لەو ئەنجامانەدا دەکەن. ئەوان دەڵێن ڕەنگە گەشیی تەقینەوە ئەستێرەییەکان لە گەلەئەستێرە گەنجەکاندا کەمتر بێت لەوەی پێشتر بیری لێ دەکرایەوە، ئەمەش وادەکات خەمڵاندنی دووریی گەلەئەستێرەکان ورد نەبێت. بەگوێرەی حیساباتی ئەوان، ڕەنگە فراوانبوونی گەردوون نەک هەر خێرا نەبێت، بەڵکو بەرە بەرە هێواش ببێتەوە.
ململانێی بیروڕاکان: پڕۆفیسۆر دۆمینیک شوارتز لە زانکۆی بێلیفێڵد، ئەم ئەنجامانە بە تێبینییەکی سەرنجڕاکێش وەسف دەکات و پێیوایە چەمکی وزەی تاریک تەنها وەک چارەسەرێک بۆ گونجاندنی چاودێرییە فەلەکییەکان لەگەڵ مۆدێلە تیۆرییەکان داهێنراوە.
لە بەرامبەردا، هەموو زاناکان هاوڕای ئەم ئەنجامە نین. پڕۆفیسۆر جۆشوا فۆریمان لە تاقیگەی (Stanford Linear Accelerator Center) پێیوایە بەڵگەی زۆری دیکە هەن کە پشتگیری لە خێرا فراوانبوونی گەردوون دەکەن، وەک تیشکی پاشخانی گەردوونی (CMB) و پێکهاتە گەورەکانی گەردوون، بۆیە تەنها یەک چاکسازی لە زانیارییەکانی تەقینەوە ئەستێرەییەکان بەس نییە بۆ ڕەتکردنەوەی هەموو مۆدێلە گەردوونییە باوەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.