کۆمپانیای مایکرۆسۆفت (Microsoft) ئەنجامە داراییە بەهێزەکانی بۆ وەرزی کۆتایی ساڵی دارایی ڕاگەیاند و تێیدا سەرجەم پێشبینییەکانی بازاڕی تێپەڕاند .ئەم سەرکەوتنە گەورەیە دەگەڕێتەوە بۆ گەشەی بەرچاوی پلاتفۆرمی کۆمپیوتەری هەور (Cloud) و زیادبوونی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییە پارەدارەکانی ژیریی دەستکرد.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمپانیاکە، داهاتی مایکرۆسۆفت لە چارەکی کۆتایی ساڵی داراییەکەیدا (نیسان تا حوزەیران) گەیشتووەتە 90 ملیار دۆلار، ئەمەش بە ڕێژەی 18% زیاترە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو. هەروەها پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە لەم وەررزەدا 35.8 ملیار دۆلار بووە.
بۆ تەواوی ساڵی دارایی کە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا کۆتایی هات، کۆی داهاتی گشتیی مایکرۆسۆفت گەیشتە 331.8 ملیار دۆلار، کە گەشەیەکی 18%ـی تۆمار کردووە.
بەشی "مایکرۆسۆفت کلاود" تەنها لەم چارەکەدا 59.3 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە (گەشەی 27%). هەروەها خزمەتگوزاریی ئەزوور (Azure) و خزمەتگوزارییە هەورییەکانی دیکە بە ڕێژەی 43% گەشەیان کردووە، کە ئەمە خێراترین گەشەی وەرزیی کۆمپانیاکەیە لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە.
مایکرۆسۆفت ئاشکرای کردووە کە وەبەرهێنانەکانی لە بواری ژیریی دەستکرددا قازانجی زۆری بۆ گەڕاندووەتەوە؛ لەوانە 3.2 ملیار دۆلار قازانج لە وەبەرهێنان لە کۆمپانیای Anthropic و 4.9 ملیار دۆلار قازانج لە وەبەرهێنان لە کۆمپانیای OpenAI بۆ تەواوی ساڵی دارایی.
کۆمپانیاکە پێشبینی خەرجییەکانی بۆ ساڵی 2026 لە 190 ملیار دۆلارەوە بۆ 175 ملیار دۆلار کەم کردووەتەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ئەنجامانە، بەهای پشکەکانی مایکرۆسۆفت لە تداولاتەکانی دوای داخستنی بۆرسەی وۆڵ ستریت بە ڕێژەی زیاتر لە 8% بەرزبووەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.