جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (FIFA)، ڕایگەیاند کە پێشنیازی فرۆشتنی پشکێک لە مافە بازرگانییەکانی مۆندیال بە وەبەرهێنەرانی دەرەکی، تەنها لە چوارچێوەی ڕاوێژکاریدایە.
ئینفانتینۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە "هەلێکە نەک ناچاری"، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو ڕەخنە توندانەی لەلایەن چەندین یەکێتیی قاڕەییەوە ئاراستەی پلانەکە کرابوون.
لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، فیفا پلانی خۆی بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی سەربەخۆ ئاشکرا کرد کە ئەرکی بەڕێوەبردنی مافە بازرگانییەکانی مۆندیال و چەند پاڵەوانێتییەکی دیکەی لەئەستۆ دەبێت، بە جۆرێک کە ڕەنگە تاوەکو 20%ی پشکەکانی بۆ وەبەرهێنەرانی کەرتی تایبەت بخرێتە ڕوو.
ئەم ڕاگەیەندراوە کاردانەوەی توندی لە ناوەندەکانی تۆپی پێدا لێکەوتەوە، چەندین یەکێتیی کیشوەری سەرسامیی خۆیان بەو پێشنیازە دەربڕی و ئاماژەیان بەوە کرد کە پێشوەختە هیچ ڕاوێژێکیان پێ نەکراوە سەبارەت بە هەنگاوێک کە دەبێتە هۆی هاتنە ناوەوەی وەبەرهێنەرانی دەرەکی بۆ ناو یەکێک لە گەورەترین چالاکییە وەرزشییەکانی جیهان.
بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، ئینفانتینۆ لە ڤیدیۆیەکی بڵاوکراوەدا ڕایگەیاند: ئەم پێشنیازە لە چوارچێوەی پڕۆسەیەکی دیموکراسی و ڕاوێژکاریدایە، ئەوە تەنها دەسپێکی گفتوگۆکانە لەگەڵ لایەنە جیاوازەکان. ناوبراو ڕوونیکردەوە کە پەرەپێدانی لایەنی بازرگانی، قۆناغێکی سروشتییە بۆ گەشەکردنی تۆپی پێ، بەتایبەت لە سایەی فراوانبوونی بەردەوامی پاڵەوانێتییەکانی فیفا و بەرزبوونەوەی بەهای ئابوورییان.
سەرۆکی فیفا دڵنیایی دا کە هەر گۆڕانکارییەک ڕوو بدات، دەستکاریی سەربەخۆیی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ناکرێت لە بەڕێوەبردنی یارییەکەدا و هاندەران هەمیشە لە چەقی بڕیارەکاندا دەمێننەوە.
جێی ئاماژەیە، فیفا بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین دامەزراوە وەرزشییەکانی جیهان دادەنرێت و داهاتەکەی دەگاتە ملیارەها دۆلار، کە زۆربەی لە ڕێگەی مافی پەخشی تەلەڤزیۆنی، گرێبەستە سپۆنسەرییەکان و هاوبەشییە بازرگانییەکانی مۆندیالەوە بەدەست دێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.