Erbil 31°C چوارشەممە 29 تەمووز 18:14

حکوومەتی عێراق راگەیەنراوێك لەبارەی هێرشەكەی ئەمریکا و سعوودییە بڵاو دەکاتەوە

100%

سەباح نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممەی ئەمریكا و سعوودییە بۆ سەر میلیشیاكان لە پارێزگاكانی عێراق بڵاو كردەوە.

لە راگەیەنراوەكەدا سەركۆنەی هێرشەكە كراوە، هەروەها وەزارەتی دەرەوە راسپێردراوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان كەیسەكە بجوولێنرێت، جەختیش كراوەتەوە كە هێرشەكە تاكلایەنە كراوە بە پێچەوانەی لێدوانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا كە دەڵێت "هێرشەكە بە هەماهەنگی و ئاگاداری حكوومەتی عێراق ئەنجامدراوە".

بەشێك لە دەقی راگەیەنراوەكەی حكوومەتی عێراق سەبارەت بە هێرشەكەی ئەمریكا و سعوودییە:-

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجام دا بۆ تاوتوێکردنی ئەو دەستدرێژییەی کە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و سعودییەوە ئەنجامدرا، کە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی ژمارەیەک هاووڵاتی.

ئەنجوومەنەکە ئیدانە و شەرمەزارکردنی خۆی بۆ ئەم دەستدرێژییە دەربڕی، هێرشەكە لە كاتێكدا هات کە حکوومەتی عێراق لە پەیوەندیدا بوو لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەکان بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتانەی کە لایەنی سعوودییە و ئەمریکا ورووژاندبوویان سەبارەت بە هێرشەكان بۆ سەر خاکی سعوودییە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری دا پلانێكی تۆكمە دابڕێژێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشێلکارییەک بۆ سەر سەروەریی عێراق، ڕێگریکردن لە هەر سەرچاوەیەک کە کار بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ بکات.

ئەنجوومەنەکە وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد کە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بجوولێتەوە بۆ بەڵگەدارکردنی ئەم ڕووداوە و جێگیرکردنی مافە ڕەواکانی عێراق.

کۆبوونەوەکە جەختی لە هەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەت کردەوە لە ڕەتکردنەوەی تەواوی کردەوە دوژمنکارییەکان،  جەختیشی کردەوە كە حکوومەت لە یەکەم ڕۆژەکانی پێکهێنانییەوە دەستی بە هەوڵێکی چڕ کردووە بۆ بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و ڕێکخستنی کارە ئاسایشییەکان.

ئەنجوومەنەکە جارێكی دیكە جەختی کردەوە لە بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاسایشی بۆ کشاندنەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئەیلولی 2026 و تەواوکردنی ڕێکارەکانی پلانی کۆکردنەوە و هێشتنەوەی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا.

لە كۆتاییدا ئەنجوومەنەکە سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی بنەماڵەی شەهیدان كرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.