Erbil 31°C دووشەممە 27 تەمووز 07:22

ئێران ئەمجارە هەڕەشە لە ئۆکراینا دەكات

کوردستان TV
100%

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە هەڕەشەی توندی كرد و هۆشداری دا لەوەی كە وڵاتەکەی وەڵامی ئەو هێرشە دەداتەوە کە ئۆکرانیا کردویەتییە سەر یەکێک لە کەشتییە ئێرانییەکان لە دەریای قەزوێندا.

پێشتر ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو کە سوپای وڵاتەكەیان هێرشێكی دوورمەودای لە دەریای قەزوێن بۆ سەر كەشتییەكی ئێرانی ئەنجامداوە كە پێداویستی سەربازی دەگواستەوە.

عێراقچی ئەمڕۆ یەكشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند: ئۆكراینا هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانیی ئێران و بەو هۆیەوە دەریاوانێک کوژراوە. هەروەها ئەمەی بە پێشێلکارییەکی زەقی پەیماننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان وەسف کرد کە بە هاندانی ئیسرائیل ئەنجامدراوە بە ئامانجی ڕاکێشانی ئەوروپا بۆ ناو شەڕەوە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد کە لە دوو پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو کارە دەستدرێژیکارییەی کیێڤ ناکرێت بێ وەڵام تێپەڕێت.

هێرشەکەی ئۆكراینا بۆ سەر كەشتییە ئێرانییەكە بەیانیی دوێنێ شەممە ڕوویداوە و بووەتە هۆی تەقینەوە و گڕگرتنی کەشتییەکە.

لای خۆشییەوە دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا ئاشكرای كردبوو كە هێرشەكەیان بە درۆن ئەنجامداوە و تێیدا كەشتییەكیان كردۆتە ئامانج كە بۆ گواستنەوەی باری سەربازی لەنێوان ئێران و ڕووسیا بەکار دەهێنرا.

هەر لەبارەی ڕووداوەكە، دوێنێ شەممە کاربەدەستی باڵیۆزخانەی ئۆکرانیا لە تاران بانگهێشتکراوە بۆ ئەوەی ناڕەزایەتی ئێرانی پێ ڕابگەیەنرێت بەرامبەر بە هێرشەكەیان.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.