سەرۆکی ئەمریکا هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئەمریکا و سعوودیە ڕاگەیاند و پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکەی بە مەرجێکی سیاسیی سەرەکییەوە گرێدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی تەمووز، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی ئەتۆمیی مەدەنی لە نێوان وەزارەتی وزەی ئەمریکا و سعوودیە پەسەند دەکرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارەبە تەواوی بەستراوەتەوە بەوەی سعوودیە ببێتە بەشێک لە ڕێککەوتننامە سەرکەوتووەکانی ئیبراهیم و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکاتەوە.
لەبارەی وردەکاریی تەکنیکیی پڕۆژەکە، ترەمپ ڕایگەیاند: ئەم ڕێککەوتنە تەنیا بۆ مەبەستی نەسەربازییە، هاوشێوەی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی کە ئێستا ئێران و ئیمارات و وڵاتانی دیکە هەیانە. هەروەها گوتیشی: لەو پڕۆژەیەدا هیچ جۆرە پیتاندنێکی ماددە ئەتۆمییەکان ئەنجام نادرێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا دژی دامەزراوە ئەتۆمییە مەدەنییەکان نییە کە پیتاندنیان تێدا نییە و ئامادەیە ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەکەی سعوودیە بدات، بەڵام تەنیا لە چوارچێوەی پەیوەستبوونی ئەو وڵاتە بە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.