حووسییەکانی یەمەن لە ڕێگەی ئیمەیڵێکی فەرمییەوە هۆشدارییان داوەتە کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی، کە نابێت هیچ کاڵایەک لە بەندەرەکانی سعوودییە دابگرن یان باری بکەن، ئەگەرنا لە هەر شوێنێک بن دەکرێنە ئامانج.
بەپێی ئیمەیڵێک کە ڕێکەوتی 20ی تەمووزی لەسەرە و لەلایەن سەنتەری هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانی حووسییەکان لە سەنعا نێردراوە، تێیدا هاتووە: بارکردن یان داگرتنی کاڵا لە هەر بەندەرێکی سعوودییە بۆ کەشتییەکان قەدەغەیە. حووسییەکان داوایان لە کۆمپانیاکان کردووە کە ئەوپەڕی وریایی و ئاگاداری بنوێنن لە هەموو مامەڵەکانیاندا.
لە پەیامەکەدا هەروەها هۆشداری دراوە کە هەر کەشتییەک سەرپێچیی ئەم بڕیارە بکات، ڕووبەڕووی سزا دەبێتەوە و دەڵێن: کەشتییە سەرپێچیکارەکان لە هەر شوێنێک بن و لە مەودای ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە چەکدارەکانی یەمەندا بن، دەکرێنە ئامانج.
ئەم توندبووەنەوەیەی هەڵوێستی حووسییەکان دەگەڕێتەوە بۆ 13ی ئەم مانگە، کاتێک حوسییەکان ڕایانگەیاند کە بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی ئەبها لە سعوودیە. ئەوەش وەک وەڵامێک بۆ بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەی سەنعا لەلایەن حکوومەتی یەمەنەوە، کە حکوومەت ڕایگەیاندبوو بۆیە ڕێڕەوی فڕینیان پێکاوە تا ڕێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی ئێرانی بکەن کە مۆڵەتی نەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.