Erbil 31°C سێشەممە 21 تەمووز 23:31

هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ

100%

ژەنیارێکی بەتوانا و مرۆڤێکی جوان و میهرەبان!

جوانى و بەخشندەیی مرۆڤە تا لەژیاندایە بەهەڵس و کەوت و کردارەکانى ڕۆژگارى ببێتە جێی سەرنج و بەخشندەیی و میهرەبانى بە دەوروبەرەکەى  ببەخشێت، جا ئەگەر ئەو کەسایەتیە هونەرمەندێک بێت لەنێو کۆڕو کۆمەڵ و کۆبوونەوەى یاراندا بەهەستە هونەرییەکەى ، بەدەست و پل و پەنجە شیرینەکەى، بەئامێرە دڵخوازەکەى شادى و خەندەو بەختەوەرى  ببەخشێت، بۆهەمیشە لەناو دڵ و دەروونى ئازیزانیدا دەبێتە کەسایەتیەک کەهەرگیز لەیادناکرێت و ناچێتە خانەى فەرامۆشکردنەوە،

کەم نین ئەو هونەرمەندانەى بە هونەرە ڕەسەنەکەیان دەگەنە لوتکە، بەڵام بەداخەوە دێوەزمەى مەرگ بوارى نادا و لەتەمەنێکى کورتدا ئەو گوڵە گەشاوەى نێو گوڵزارى موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى هەڵدەوەرێت و بەجەستە ژیان ئاواییمان لێدەکات، بەڵام ناو  کەسایەتى و هونەرە جوانەکەى بۆهەمیشە دەبێتە یادەوەرییەکى جوان و زیندوو.

یەکێک لەو دەست و پل و پەنجە هونەرییە ڕەسەنە کوردییە، کە ماوەى (30) ساڵ زیاتر هەورازو نشێوى ژیانى چەشتووە، بەهەستە جوانەکەیى و ئامێرە دڵخوازەکەى ( کەمان_ ڤیۆلۆن) خزمەتى کردووە و سۆلۆى کەمانەکەى بۆتە هەوێنى جۆش و خرۆشى هەستى هونەرمەندانى گۆرانیبێژ، ئەویش هونەرمەندى ژەنیار( مستەفا ڕەنجەڕۆ) یە ، بەداخەوە ئەو گوڵە جوان و بۆنخۆشەى باخچەى موزیک و گۆرانى زوو هەڵوەری؟! 

خۆشحاڵم کەلەنزیکەوە دووجار بەخزمەتى گەیشتم، ئەگەر یادەوریم هاوکارم بێت، لەئێوارەیەکى هاوینى ساڵى (2012) لە شارى هەولێر لەخزمەتیدا بووم ، هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ بەدەست و پل و پەنجە شیرینەکەى بەسۆلۆى کەمانەکەى هاوکارى دەنگە بەسۆزەکەى هونەرمەندى لاوک و حەیران و مەقامبێژ ( بورهان خۆشناو) بوو ، هیچ کات ئەو کۆڕو کۆبوونەوەیە لەیادناکەم و دەست و پەنجە و ژەنینى موزیکە شیرینەکەى سەرنجى ڕاکێشام و سەرسامیش بووم بە میهرەبانى و بێدەنگیی و نەفس بەرزییەکەى .

هونەرمەندى ژەنیار ( مستەفا ڕەنجەڕۆ ) ...!

ئەم هونەرمەندە جوانەى دنیاى موزیک و ئاوازى کوردى ناوى ( مستەفابایز سڵێمان) ە، لەبەر سەختى و دژوارى ڕۆژگارەکانى ژیانى ناسناوى ( ڕەنجەڕۆ) ى کردۆتە پاشخانى ناوەکەیی و لەنێو کۆڕى هونەرمەنداندا بە ( مستەفا ڕەنجەڕۆ) ناسراوە .

هونەرمەند لەساڵى (1965) لەیەکێک لەگەڕەکە دێرینەکانى شارى هەولێر، گەڕەکى (تەیراوا)، ئەو گەڕەکەى زێدى دەیان شاعیر و نووسەر و هونەرمەند بووە چاوى بەژیان هەڵهێناوە .

پێکهاتەى خانەوادەکەى بریتى بووە لە ( 7) برا و ( 4) خوشک، لەناو خانەوادەیەکى زەحمەتکێش دا پەروەردەو گەورە بووە .

هونەرمەند بۆ وەرزى خوێندنى ساڵى (1971 بۆ 1972) خراوەتە بەرخوێندن، قۆناغى سەرەتایی تەواو کردووە و بەداخەوە بەهۆى ژیان و بارودۆخى ئەوسەردەمەى خانەوادەکەى درێژەى نەداوە بەخوێندن تا پۆلى دووى ناوەندى خوێندووە و دەست بەردارى خوێندن بووە.

خۆش بەختانە دواى چەندین ساڵ هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ بەمەبەستى درێژەدان بەخوێندن و گەیشتن بەئاواتەکەى خۆیی و بەدەستهێنانى بڕوانامە دەگەڕێتەوە پۆلەکانى  خوێندن و بەخەمخۆرییەوە دەخوێنێ ، دواى تەواو کردنى قۆناغى ئامادەیی و هەنگاو نان بۆ کۆلیژى هونەرى بەشى موزیک ، لەقۆناغى سێیەمى خوێندنى لەکۆلیژى هونەر نەخۆشیی دەبێتە لەمپەر لەبەردەمیدا و مەرگ بوارى  نادات  تا بەئاواتەکەى بگات  ئەویش بەدەستهێنانى بڕوانامەى (بەکالۆریۆس) لەموزیکدا، مەرگ ئەو دەست و پەنجە ڕەسەنە شیرینە کوردییەى لە قوتابخانە  بەرزو جوانەکەى موزیکى کوردى لێسەندین و لەتەمەنى (52) ساڵیدا کۆچى دوایی دەکات.

هونەرمەند مەستەفا ڕەنجەڕۆ ، هونەرمەندێکى خۆڕسک و  هونەر خۆشەویست بووە ، لەتەمەنى منداڵییەوە  ئارەزوو خولیاى بۆ دنیاى موزیک و گۆرانى نەتەوەکەى هەبووە، لەتەمەنى مێرمنداڵییەوە دەستى داوەتە  فێربوونى موزیک  و بەهەستێکى هونەرییەوە سەرەتا بەئامێرى (ساز) و دواتر لەگەڵ ڤیۆلۆنەکەى هەنگاوى بۆ نێو دنیاى هونەر هەڵگرتووە ،

هونەرمەند ماوەیەک بۆتە ئەندام لە کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى لقى هەولێر بەشى موزیک، بەشدارى چالاکییە هونەرییەکانى تیپى ناوبراوى کردووە،

لەساڵى (1983) هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ یەکێک بووە لەدەستەى دامەزرێنەرانى تیپى مۆسیقاى ( چرۆ) بەهاوکارى هونەرمەندان ( سالار حەسەن حەمەد، نەجمەدین بایزى براى ، عەدنان ژەنیارى ئیقاع  و لەگەڵ هەندرێن ژەنیارى ئۆرگ) لەو ساڵەدا کۆمەڵێک گۆرانى بۆ هونەرمەند ( جەوهەر سابیر) تۆماردەکەن.

هونەرمەندى ڕەوانشاد مستەفا ڕەنجەڕۆ بەهۆى لێهاتوویی و ژەنینە جوانەکەى لەئامێرى ڤیۆلۆن لەساڵى (1984) دەچێتە ( کۆشکى هونەر _ دارالفن) لەگەڵ تیپى مۆسیقاى کۆشکى هونەر کۆمەڵێک گۆرانى بۆ هونەرمەندان ( سدیق عوسمان ، عەبدوڵڵا کەریم و محەمەد عەزیز) بۆ تەلەفزیۆنى کەرکوک  بەسەرپەرشتى هونەرمەند ( نەجات عەساف ) تۆماردەکەن، ئەو کارە هونەرییانە دەچنە سەرخەرمانى تێکۆشانى هونەریی هونەرمەند.

لەدواى ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى (1991)  مستەفا ڕەنجەڕۆ دەست و پەنجە زێرین  بەهەمان  شێواز و  زیاتر لە جاران لەسەر تێکۆشانى هونەریی بەردەوام دەبێت.

 مستەفا ڕەنجەڕۆى هونەرمەندڕۆڵى دەبێت لەدامەزراندنى تیپى مۆسیقا و یەکێک بووە دەستەى دامەزرێنەرانى  تیپى مۆسیقاى (ڕەسەن)  بەسەرپەرشتى هونەرمەندى ژەنیارى ناسراو مامۆستا( شێرزاد محەمەد حسێن 1948 ) ناسراو بە ( شێرزاد سەرسپى) بووە، هونەرمەندانى تیپى مۆسیقاى ڕەسەن چەند گۆرانییەک بۆ هونەرمەندان ( جەلال سەعید 1953_9/12/2013)، عارەب عوسمان  و شێرزاد چاوشین)  تۆماردەکەن و خەرمانى هونەرى کوردى دەوڵەمەندتر دەکەن.

ناو و ناسناو  و دەست و پەنجە هونەرییە جوانەکەى هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ سنوورى زێدەکەى تێدەپەرێنێت و وەک هونەرمەندێکى بەتوانا لەژەنینى ئامێرى ڤیۆلۆن دەناسرێت ، لەوماوەیەدا بەهاوکارى  هونەرمەندى ژەنیار ( جەلال شاکر) ئامێرى (ساز) بەهەستە جوانە هونەرییەکەیان دەبنە هاوکار و جۆشدانى هەستى هونەریی هونەرمەندان ( ئەردەڵان بەکر 25/9/1967_10/10/2009) ،( زیاد ئەسعەد1966 هەولێر) و( سەباح هەورامى 1963 _ 29/11/2012) و چەند هونەرمەندێکى دیکەى  شارەکانى  کوردستان .

بەهۆى ئەو هەستە هونەرییە بەرزەوە لەژەنینى ڤیۆلۆن دا مستەفا ڕەنجەڕۆ هەیبووە، ماوەیەکیش بۆتە ئەندامى تیپى مۆسیقاى ( زیرو بەم) ئەو تیپە مۆسیقیە جوانەى بەسەرپەرشتى مامۆستا و هونەرمەندى ناسراو ( وریا ئەحمەد1947 کۆیە) چەندین بەرهەمى ناوازەیان پێشکەشى گەنجینەى موزیک و ئاواز و گۆرانى کوردى کرد.

لەمێژبوو بەپێویستم دەزانى لاپەڕەکانى ژیانى هونەریی مستەفا ڕەنجەڕۆى ڕەوانشاد  هەڵبدەینەوە و یادێک لەکەسایەتى و تێکۆشانى هونەریی چەندین ساڵەى بکەینەوە ، زۆر گەڕام و پرسیارم کرد، دەرئەنجام زۆر لەهونەرمەندان بەوپەڕى پەرۆشیی ودڵسۆزییەوە وەڵامیان دامەوە و زانیارییان پێ بەخشیم ، یەکێک لەو هونەرمەندئازیزانە ( بەدرەدین بابەکرنەجم  1969 هەولێر) ناسراو بە ( بەدر) پێی ڕاگەیاندم ( هەرچییەک بڵێم دەربارەى هونەرمەندى هاوڕێم کۆچکردوو(مستەفا ڕەنجەرۆ) ناتوانم بەتەواوى مافى خۆى بدەمێ ، لەبەرئەوەى یەکێک بوو لەو هونەرمەندە بەتوانا و خاوەن سەلیقە هونەرییە بەرزەى کە دەست و پەنجەو سۆلۆى کەمانەکەى لەنێو موزیکى کوردیدا ڕۆشنە، لەدەستپێکى کارى هونەرییەوە زۆر بەجوانى و لێهاتوویی هاتە بوارەکەوە ، لەچەندین تیپ و گرووپى موزیک لەشارى هەولێردا جێ دەستى دیارە وەک تیپى مۆسیقاى ( کۆمەڵى هونەر و وێژەى کوردى بەشى هەولێر ، چرۆ ، ڕەسەن و زیروبەم) ، هەروەها ماوەیەک بەرپرسى بەشى موزیکى تیپى هونەرە میللییەکانى هەولێربوو ، چەندین تابلۆى هونەریی ئامادەکردووە ، لەبوارى ئاوازدانانیشەوە  ئاوازى بۆ هونەرمەندان ( جەلال سەعید و نورى گەرمیانى ) و چەند هونەرمەندێکى دیکە داناوە ، چەندین کارى مۆسیقاى بۆ شانۆ ئامادەکردووە، هونەرمەندانى شارى هەولێر و شارەکانى دیکەى کوردستان نەماوە کە دەست و پەنجەو سۆڵۆى کەمانەکەى مستەفا ڕەنجەرۆ  هاوکار و پشتیوانى دەنگ یان نەبووبێـت لەئەنجامدانى کارە  هونەرییەکانیان  لە فیستڤاڵ و بۆنەو یادەکان  و تەواوى بەرنامە هونەرییەکان لە کەناڵە ئاسمانى و لۆکاڵییەکان، مستەفا ڕەنجەڕۆ بەهەموو واتایەک  هونەرمەند بوو ، هەموو خەسڵەتە جوانەکانى کەسێتى هونەرمەندى تێدا بەرجەستە ببوو ، دروود بۆ ڕۆحى پاکى ) (1) .

 دەربارەى ئەو ماوەیەى سەرۆکى بەشى موزیکى تیپى هونەریی میللیی هەولێربووە ، هونەرمەندى ڕاهێنەر ( ئازاد سەعید)  پێی ڕاگەیاندم ( هونەرمەند مستەفا رەنجەڕۆ بەشدارى لەزۆربەى ئاهەنگ و فیستڤاڵەکاندا کردووە لەناوەوە و دەرەوەى وڵات ، وەک ( فیستڤاڵى  ساڵانەى ئازار ، نەورۆز و  هەولێر )  ، فیستڤاڵى  کلتوورى گەلان ، فیستڤاڵى یەکەمى هونەریی میللیی هەڵپەڕکێ و موزیکى کوردى لەشارەکانى  سلێمانى، دهۆک ، بەغدا و ڕانیە ، هەروەها لەدەرەوەى وڵاتیش وەک  پۆلۆنیا ، بولگاریا ، یۆنان  ، جۆرجیا  و دوبەى)  هونەرمەند لەو ماوەیەى کە سەرۆکى بەشى موزیکى تیپى هونەرى میللیی هەولێر بوو ، توانى  ئاواز بۆ (11) تابلۆى  جوان و قەشەنگ دابنێ کە ئێستاش جێگەى سەرنج و خۆشحاڵى بینەرە وەک ( مێرگوڵان، ساوەر کوتان، مەمۆ، گەرمیان، مەریوان ، زەمبیل فرۆش، ڕازیانە، هەولێر، لەیلانێ، کانى و بێرى)  جگە لەو ئەرک و کارە هونەرییانەى ئەنجامى دەدا ، توانایەکى باشیی هەبوو لەئاوازدانان، ئاوازى بۆ زۆرێک لەهونەرمەندان  داناوە، بەڕاستى  هونەرمەند بوو، زۆر عاشقى هونەرەکەى بوو، دڵسۆزانە هەرکارێکى بکەوتایەتە ئەستۆ بەوپەڕى خەمخۆرییەوە ڕایدەپەڕاند ) (2) .

کەسێتى و توانا هونەرییەکەى هونەرمەند تەنها لەبوارى ژەنین و ئاوازدانان و ئامادەکردنى مۆسیقادا بەرجەستە نەبووە، بەڵکو دڵسۆزیی بۆ هونەرى نەتەوەکەى مستەفا ڕەنجەڕۆى  هونەرمەند وەک کاراکتەرێکى بوارى نواندن لەدراماى ( پاداشت)دا لەساڵى (2000) ڕۆڵى (ئەسکەندەر) ى بەجوانى بینیوە، دراماى ناوبراو لەدەرهێنانى هونەرمەند( سلێمان گەڵاڵى) بووە و لەکەناڵى تەلەفزیۆنى (هەرێم) پەخشکراوە.

مستەفا ڕەنجەڕۆى هونەرمەند و هەست ناسک ، وەک ژەنیارێکى لێهاتوو، جگە لەو هەموو بەرنامەو پرۆگرامە هونەرییانەى لەبۆنەو ئاهەنگەکان و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکان بەشدارى هەبووە، هەروەها گەشتى دەرەوەى کوردستانى کردووە و بەشدارى فیستڤاڵە هونەرییەکانى لە وڵاتانى ( ئەڵمانیا ، بەریتانیا ، جۆرجیا ، تورکیا ، مەغریب و فەرەنسا) کردووە.

وێڕاى ئەو سەرقاڵى و خزمەتە زۆرەى بەهونەرى  موزیک و ئاواز و گۆرانى نەتەوەکەى ، بیروهۆشیی لاى خوێندن بووە و ئاواتى بووە بگاتە ئەو ئاستەى بڕوانامەى باڵا لەموزیک بەدەست بێنێ ، وەک پێشتر ئاماژەم پێداوە ، هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ ، دەگەڕێتەوە بۆ خوێندن و قۆناغەکانى خوێندن تەواو  دەکات تا دەگاتە دواقۆناغى کۆلیژى هونەر بەشى موزیک  لەزانکۆى سەلاحەدین، بەڵام جێى داخەوە کە نەخۆشیی زۆر لەمێژبووە کاریگەرى لەسەر جەستەى داناوە، تا دەگاتە ئەوکاتەى بەهیواو ئومێدەوە دەڕوانێتە ئایندە کەلەکۆتا ساڵەکانى خوێندن دایە و دەبێتە خاوەنى بڕوانامە لەموزیکدا، مەخابن  (شێرپەنجەى پرۆستات) بڕسکى لێدەبڕێت و ماوەیەک لەژێر چارەسەرى پزیشک و دەرمان دا دەبێت، تا ڕێکەوتى ( 27/3/2017) ئەو هونەرمەندە ئازیز و خۆشەویستەى هەمووان و خاوەن ئەو زەوق و سەلیقە هونەرییە بەتوانایە بۆ هەمیشە چاوەکانى دادەخات و ژیانئاوایی لە هونەر و هونەرمەندان و ئازیزان و خانەوادەو بنەماڵە و شارە ئازیزکەى پیرە هەولێرێ دەکات، لەمەراسیمێکى شایستەدا تەرمى هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ لە گۆڕستانى (کەسنەزان) ئەسپەردەى خاکى پیرۆزى کوردستان  دەکرێت.

دەربارەى ئەو کۆچە ناوەختەى هونەرمەند کە خەم و پەژارەى بەسەر دڵ و دەروونى هەموواندا باراند و هەموو هاوڕێیان و هونەرمەندانى غەمگین کرد، هونەرمەند شێرزاد سەرسپى بەبۆنەى ساڵیادى کۆچى دوایی مستەفا ڕەنجەڕۆى هاوڕێى نووسیویەتى (ناخۆشترین هەواڵ، هەواڵی کۆچی دوایی هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ بوو لە ژیانم، ناتوانم قەت لەبیری بکەم زۆر بەداخەوە بۆ ئەو هونەرمەندە بەتوانایە ئەندامێکی کارای گرووپی ڕەسەن بوو ،بڕیارماندا پاش کۆچى دوایی مستەفا ڕەنجەڕۆ چالاکیە هونەرییەکانى گرووپەکەمان ڕاگرتووە تائێستا)(3).

هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ خێزانداربووە  و خاوەنى دوو کچە، لەناو بنەماڵەکەى هونەرمەند مستەفا ڕەنجەڕۆ، برایەکى دیکەى هەیە بەناوى ( نەجمەدین بایز سڵێمان) ژەنیارى ئامێرەکانى ( عود و جمبووشە) ناوبراو لەنێوەندى هونەریدا بە  (حەمە نەجم ) ناسراوە.

دروود و سڵاو بۆ رۆحى پاکى ئەو هونەرمەندە تەمەن کورتە بەئاوات نەگەیشتووە، گڵکۆکەى هەمیشە چراخان  و یاد و یادەوەریی و کەسایەتیە جوان و هێمن و هونەرە بەرزو شیرینەکەى هەردەم بەرز و لەلوتکەى شکۆییدا بمێنێتەوە.

جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 21/ 7/2026، سلێمانى. 

سەرچاوە :

(1)پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هونەرمەندى ژەنیار ( بەدرەدین بابەکر نەجم ) رۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (15/7/2026) ( سلێمانى _ هەولێر).

 

(2) پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هونەرمەند (ئازاد سەعید) ڕۆژى یەک شەممە (19/7/2026) (سلێمانى _هەولێر) .

(3)  هونەرمەند شێرزاد سەرسپى  ، تۆڕى کۆمەلایەتى فەیسبوک لە (27/3/2022) .

(*) لەدڵەوە سوپاس و پێزانینى زۆرم بۆهەریەک لەهونەرمەندان ( بەدرەدین بابەکر ، جەلال شاکر ، ئازاد سەعید و کاک سەیفەدین براى هونەرمەندى کۆچکردوو) وەڵامى پەیوەندییەکانیان دامەوە و زانیارییان پێبەخشیم ، هەروەها بەڕێز ( خالید عومەر)  (خەرمانەى هونەر و ئەدەبى کوردى) هەرهەبن (ج ،د) .

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.