فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە توندترین شێوە ئەو هێرشە درۆنییانە ئیدانە دەکات کە خاکی شانشینی عەرەبستانی سعوودیەی کردووەتە ئامانج، بەتایبەت ئەو هەوڵەی بۆ بۆردومانکردنی مەککەی پیرۆز ئەنجامدراوە.
فەرمانگەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر هێرشێک بکرێتە سەر خاکی سعوودیە و مەترسی بۆ سەر سڤیلەکان و میوانانی ماڵی خودا دروست بکات، ڕەتکراوەیە و بە پەرەسەندنێکی زۆر مەترسیدار دادەنرێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئاسایش، سەقامگیری، سەروەری و پاراستنی خاکی سعوودیە، پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایشی ناوچەکە بەگشتی، بۆیە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر ئەو وڵاتە مایەی قبووڵکردن نییە."
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە مەککەی پیرۆز خاوەن پێگەیەکی گەورەی ئایینی و ڕۆحییە بۆ مسوڵمانانی جیهان، بۆیە هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی پیرۆزیی ئەو شوێنە پێویستە بە توندی ئیدانە بکرێت.
هەروەها، هەرێمی کوردستان هاودەنگیی تەواوی خۆی بۆ پاراستنی ئاسایشی سعوودیە و سەلامەتیی هاووڵاتییان و دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەردەبڕێت و پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
لە کۆتاییدا، فەرمانگەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە ناکۆکییە سیاسییەکان نابێت ببنە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی سڤیل، دامەزراوە مەدەنییەکان و شوێنە پیرۆزەکان، و ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و پیرۆزیی شوێنە ئایینییەکان دەبێت وەک بنەمایەکی نەگۆڕ بمێنێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.