Erbil 31°C یەکشەممە 18 تشرینی یەکەم 14:18

تەندروستی.. پەیوەندیی نێوان وەستانی سووڕی مانگانە و نەخۆشیی ئەلزەهایمەر ئاشکرا کرا

100%

توێژینەوەیەکی نوێ کە لە گۆڤاری "نەیچەر میدیسن" بڵاوکراوەتەوە، پەیوەندیی نێوان وەستانی سووڕی مانگانە لە ئافرەتان و خێراتربوونی پڕۆسەی پیربوونی مێشک ئاشکرا دەکات و دەریخستووە کە گۆڕانی هۆرمۆنەکان پەیوەستە بە پڕۆسەی بایۆلۆجیی نەخۆشیی ئەلزەهایمەر.

توێژەران لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا کە لە گۆڤاری (Nature Medicine) بڵاوکراوەتەوە، گۆڕانکاریی بایۆلۆجییان دەستنیشان کردووە کە یارمەتیدەرە لە ڕوونکردنەوەی پەیوەندیی نێوان وەستانی سووڕی مانگانە و پیربوونی مێشک. لەم توێژینەوەیەدا، پشکنین بۆ پڕۆتینەکانی خوێنی ئەو ئافرەتانە کراوە کە بە قۆناغە جیاوازەکانی وەستانی سووڕی مانگانەدا تێدەپەڕن.

لە توێژینەوەکەدا هاتووە، گۆڕانکاری لەو پڕۆتینانەدا بەدی کراوە کە پەیوەندییان بە هەوکردن، میتابۆلیزم، پەیوەندیی نێوان خانەکانی مێشک و پڕۆسەکانی پەیوەست بە نەخۆشیی ئەلزەهایمەرەوە هەیە، ئەم دۆزینەوانەش بە شیکاریی زیاتر لەسەر زیاتر لە (2,800) ئافرەت پشتڕاست کراونەتەوە، کە دەیسەلمێنن گۆڕانکاریی هۆرمۆنەکان لە کاتی وەستانی سووڕی مانگانەدا پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە پڕۆسەی بایۆلۆجیی پیربوونی مێشکەوە هەیە.

دەرئەنجامەکان گرنگیی تێگەیشتن لە وەستانی سووڕی مانگانە وەک قۆناغێکی چارەنووسساز لە تەندروستیی ئافرەتاندا دەردەخەن کە کاریگەرییەکانی تەنیا لە گۆڕانکاریی سووڕی مانگانە و شەپۆلی گەرمادا کورت نابنەوە، بەڵکوو درێژ دەبنەوە بۆ تەندروستیی درێژخایەنی مێشک، زانایانیش هیوادارن لێکۆڵینەوەی زیاتر ببێتە هۆی دۆزینەوەی دەرفەت بۆ پاراستن و پاڵپشتیکردنی تەندروستیی مێشکی ئافرەتان لە تەمەنی ناوەڕاست و قۆناغەکانی دواتریشدا.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.