بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی دەستپێکردنی پڕۆسەی ناونووسینی ئەلیکترۆنی بۆ فەریزەی حەجی ساڵانی 2027 و 2028 ڕاگەیاند. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکەش ئاشکرای دەکات کە پشکی هەرێمی کوردستان بۆ وەرزی حەجی داهاتوو 5120 حاجی دەبێت.
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە ڕایگەیاند؛ ناونووسین بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی پلاتفۆرمی فەرمیی (Hajj - GOV.KRD) دەبێت. جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەی پڕکردنەوەی فۆرم و ناونووسین لەلایەن حکوومەتەوە بە "خۆڕایی" دابین کراوە و هیچ بڕە پارەیەک لە بەرامبەر ناونووسیندا لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت.
گوتەبێژی حەج و عومرە گوتی، کە هیچ کەسێک ناتوانێت دووبارە ناوی خۆی تۆمار بکاتەوە، مەگەر وەک "مەحرەم" هاوەڵیی خێزانەکەی بکات، ئەویش بەو مەرجەی خێزانەکەی پێشتر حەجی نەکردبێت. هەروەها ڕایگەیاند کە سەرجەم ڕێکارەکانی دیکەی پڕۆسەکە وەک ساڵی ڕابردوو بەردەوام دەبن.
هەروەها
کاروان ستوونی ئاشکراشی کرد، ئەو گەنجانەی کە سینگڵن لە تەمەنی 18 ساڵ بەرەو سەرەوە دەتوانن ناویان تۆمار بکەن، بەڵام ئەوانەی ژیانی هاوسەرگیریان پێک هێناوە دەبێت "ژن و مێرد"ەکە تەمەنیان لە 25 ساڵ تێپەڕی کردبێت.
مەرجە سەرەکییەکان: بەپێی ڕێنماییە نوێیەکان، پێویستە داواکاران ئەم مەرجانەیان تێدا بێت:
1. نابێت تەمەنی کەسی داواکار لە 18 ساڵ کەمتر بێت.
2. پێویستە هاووڵاتییان پاسپۆرتی بەرکار، کارتی نیشتمانی و ژمارەی بێ هاوتای کەسی (UPN)یان ئامادە کردبێت.
3. ئەو کەسانەی پێشتر فەریزەی حەجیان ئەنجامداوە، ناویان لە سیستەمەکەدا هەیە و داواکارییەکەیان وەرناگیرێتەوە.
ئارەزوومەندان دەتوانن لە ئێستاوە سەردانی پلاتفۆرمی ئاماژەپێکراو بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوەکانیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.