ئۆمێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، فەرمانی پێویست بە دابەزاندنی نرخی بەنزین گشتێندراوە و لە سبەینێوە رێکارەکان بۆ دابەزاندنی نرخ و هەروەها بەرامبەر سەرپێچیکارانی بازاڕی سووتەمەنی دەست پێ دەکات.
پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند كە بڕیار و فەرمانی دابەزاندنی نرخی بەنزینیان گشتاندووە و سەرجەم فەرمانگە حکوومی و لایەنە ئەمنی و کارگێڕییە پەیوەندیدارەکانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە بۆ ئەوەی رێکارەکان بە باشترین شێوە جێبەجێ بکرێن.
ئۆمێد خۆشناو جەختیشی كردەوە كە لە سبەینێوە هێزە ئەمنی و کارگێڕییەکان و لیژنە مەیدانییەکان دەست بە جێبەجێکردنی رێکارەکانی پێوەست بە دابەزاندنی نرخی بەنزین دەکەن، بە ئامانجی رێگریکردن لە هەر جۆرە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی پێشێلکارانەی نرخ لە بازاڕدا.
ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە رێگەی فەرمانێكی وەزارییەوە نرخی نوێی فرۆشتنی بەنزینی نۆرماڵی حكوومی و بازرگانی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان دیاری کرد.
بەپێی فەرمانە وەزارییەکە لە سبەینێ سێشەممەوە ئەم بڕیارانەی خوارەوە دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە:
1- ئەو بەنزینەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابین دەکرێت (کوالێتی نۆرماڵ)، بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک دەدرێتە هاووڵاتییان. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە پڕۆسەی دابینکردنی بەنزین بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدرێت زۆرترین بڕی بەنزین بخرێتە بازاڕەکانەوە.
2- نرخی فرۆشتنی بەنزینی کوالێتی (نۆرماڵ) لە بەنزینخانە بازرگانییەکاندا (تیجاری)، نابێت لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت. هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت و بە نرخێکی گرانتر بیفرۆشێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی توند دەبێتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم بڕیارانە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختیشی كردۆتەوە كە ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە کاری پێ دەکرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.