لە کوێستانەکانی قەندیل، هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان تەقەیان لە شوانکاران و مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیان کرد، لە ئەنجامدا شوانکارێک تەمەن 69 ساڵ بریندار بوو و چەندین سەر مەڕیش کوژران.
بەپێی زانیارییەکانی خدر ڕەزگەیی، پەیامنێری کوردستان تیڤی، کاتژمێر 7ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەوارگەی "دۆڵەلێنێ"ـی کوێستانی قەندیل، لە سەنگەرەکانی خۆیانەوە تەقەیان لە هەندێک شوانکارێک و مەڕ و ماڵاتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئەنجامدا شوانکارێکی تەمەن 69 ساڵ بە ناوی (وسوو حەسەن محەمەد) بریندار بوو.
لەمبارەیەوە ناسر کە کوڕی (وسوو حەسەن)ـە بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند، باوکی گولـلەیەک بەر قۆڵی کەوتووە و بریندار بووە، دواتر گەیەندراوەتە فریاکەتنی نەخۆشخانەی قەڵادزێ.
ناوبراو گوتی: لە ئێستادا ڕەوشی تەندروستی باوکی جێگیرە و وا بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدرێت.هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لە ڕووداوەکەدا جگە لە بریندارکردنی باوکی، پاسداران چەندین سەر مەڕیان کوشتووە و بریندار کردووە.
سەبارەت بە هۆکاری تەقەکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران لەسەر سنوور، ناسر وسوو گوتی: "دوورەتەقەی پاسداران لە مەڕدارەکانی هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێکی نییە و شوانکارەکان لەو شوێنانە نزیک نابنەوە کە سنووری وڵاتی ئێرانە، بەڵام ئەوان بەردەوام بە ئاراستەی خاکی هەرێمی کوردستان دوورەتەقە دەکەن".
ساڵانە لە کوێستانەکانی قەندیل چەندین ڕووداوی تەقەکردنی هێزەکانی سوپای پاسداران دووبارە دەبێتەوە و بەهۆیەوە ڕەوشێکی نائارامی بۆ مەڕداران دروست کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.