ئەمرۆ یەکشەممە دواین یاری مۆندیالی ساڵی 2026 کاتژمێر 22:00 شەو لە یاریگەی نیوجێرسی لە نیویۆرك بەڕێوە دەچێت لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژوو براوەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا (ئیسپانیا) و براوەی جامی ئەمریکای باشوور (ئەرجەنتین) ڕووبەڕووی یەک ببنەوە
بەگوێرەی ئەو ریزبەندییەی فیفا دایناوە، كە ئەمساڵ و لە رۆژی 11ـی حوزەیران بڵاوی کردەوە، ئەرجەنتین لە پلەی یەکەم دێت لە رووی باشترین هەڵبژاردەی جیهان، ئیسپانیاش لە پلەی دووەمی رێزبەندییەکەیە، بەڵام پێشبینی دەكرێت یارییەکە سیناریۆی زۆری تێدا بێت و یەکێک بێت لە کۆتاییە چێژبەخشەکانی مۆندیاڵ لەنێوان دوو باشترین هەڵبژاردەی ساڵ.
ئیسپانیا تینووی دووەم مۆندیالە لە مێژووی هەڵبژاردەکەیان و ئەرجەنتینیش تینووی دووەم مۆندیالە لەسەریەک و چوارەمین مۆندیالە لە مێژوودا.
ئەمشەو پاشایەک و جێنشینێک لە یاریگە خۆیان دەسەلمێنن، مامۆستایەک کە چەندین ساڵە بە جوانترین شێوە وانەی هونەر و شێوازی نەخشەکێشان و تێکشکانی هێڵەکانی بەرگری نیشانی جیهان دەدات و هەمیشە ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکەی بووە.
- لیۆنێل مێسی ئەو مامۆستا و پاشایەی کە بووەتە مۆتەکە بۆ هەندێک و بۆ هەندێکیش بووەتە لیۆناردۆ دافێنشی لە تۆپی پێدا، ئەو یاریزانەی هەموو ژمارە پێوانەییەکانی بەناوی خۆیەوە کردووە و وەک لاوێک دەردەکەوێت.
- لە بەرەی ئیسپانیا لامین یامال هەیە کە وەک قوتابی و جێنشینی لیۆنێل میسی دەردەکەوێت و ناو دەبرێت، ئەم یاریزانە بە گشتی کاری سەرسورهێنەری کردووە لە تۆپی پێ و یەکێکە لە باشترین بەهرەمەندەکانی جیهانی تۆپی پێ لە ئێستادا، گەرچی تا ئێستا وەک مامۆستاکەی دەرنەکەوتووە و لە مۆندیال لە ئاست چاوەڕوانیدا نەبووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمشەو ئەوەی هەیەتی نیشانی جیهان و مامۆستاکەی بدات و بۆ یەکەمجار جامی جیهانیی (مۆندیال) بباتەوە.
ئەمشەو مشتومڕ لەسەر یارییەکە زۆرە و هەموو جیهان چاوی لەم یارییەیە، چی ئەوانەی هاندەر و چی ئەوانەی دژن.
بۆ بەشێک لە هاندەران ئاساییە هەرلایەکیان براوە بن و هانی هەردوو لا دەدەن، بەڵام بەشێک لە هاندەران نازانن لەگەڵ کامە بن و دژی کێ بن، ئەو مامۆستایەی چەندین ساڵە بە دەستکەوت و بردنەوەکانی سزایان دەدات، یان ئەو قوتابییەی ترسی خستووەتە دڵیان لەوەی جارێکی دیکە هەمان رێچکەی مامۆستاکەی بگرێت و بە هیلاکیان ببات.
ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ئەڵقەی تایبەت بە براوەکانی مۆندیال دەدرێت.
فیفا ئاشکرای کرد کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی جامی جیهانی و لە ڕێوڕەسمێی پێدانی جامی جیهانی، ئەڵقەیەک تایبەت بە براوەکانی مۆندیال دەداتە یاریزانانی هەڵبژاردەی براوە.
بڕیارە 30 ئەڵقە بە یاریزانان بدرێت کە تێیدا دیزاینی مۆندیال لە ڕووکارێکی نەخشێندراوە و دیوەکەی دیکەشی ناسنامەی هەڵبژاردەی براوەی لەسەر دەبێت.
پاشا یان شازادە براوەی جەنگی مۆندیال دەبێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.