فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند، لە بازگەی چیمەن لەسەر ڕێگەی کەرکووک -سلێمانی دەست بەسەر 10 ملیار دیناردا گیرا کە بە نایاسایی بەرەو سلێمانی دەبرا
ئەمڕۆ ئەکشەممە 19ـی تەمووز، لێوا فەتاح مەحموود خەفاجی، فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی تاوان توانیویانە لە بازگەی چیمەن لەسەر ڕێگەی کەرکووک -سلێمانی، دەست بەسەر بڕی 10 ملیار دیناردا بگرن.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کرد، دوای وردبینیکردنی بەڵگەنامەکانی گواستنەوەی پارەکە، دەرکەوتووە کە پارەکە ڕێپێدانی فەرمیی هەبووە تەنها بۆ ئەوەی لە بەغداوە بۆ ناو شاری کەرکووک بگوازرێتەوە، بەڵام هەوڵدراوە بە نایاسایی ئاراستەکەی بگۆڕدرێت بەرەو پارێزگای سلێمانی.
هەر بەپێی وتەی خەفاجی، بەهۆی سەرپێچیکردن لە ڕێنماییەکان و گۆڕینی ئاراستەی گواستنەوەی پارەکە، دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر بڕە پارەکەدا گیراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە یاساییەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.