دەوڵەتی قەتەر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ هەینی، 17ی تەممووزی 2026 بڵاویکردەوە، بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەم هێرشە پێشێلکارییەکی ڕاشکاوی سەروەریی کۆماری عێراق و هەرێمی کوردستانە و بە بەزاندنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی دادەنرێت.
وەزارەتی دەرەوە جەختی لە پێویستیی دوورخستنەوەی ناوچەکە لە دەرهاویشتە مەترسیدارەکانی ئەم جۆرە هێرشانە کردەوە کە هیچ پاساوێکیان نییە. هەروەها داوای کرد کە پڕۆسەی دیالۆگ و دیپلۆماسی وەک تەنها ڕێگە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان بەردەوام بێت، بە جۆرێک کە خزمەت بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتی بکات.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، دەوڵەتی قەتەر هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، پشتیوانی هەموو ئەو ڕێکار و هەنگاوانە دەکەن کە بۆ پاراستنی سەروەری و ئاسایشی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگیرێنە بەر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.