Erbil 31°C ھەینی 17 تەمووز 01:13

عەلی زەیدی: بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر دەکەین و ڕێگە بە تێکدانی سەقامگیری نادەین

100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە سۆشیال میدیای (ئێکس)، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییەی کرد کە کرایە سەر ئاسمانی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان.

عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتیی دەستووریمانەوە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو دەستدرێژییە دەکەین کە لە ڕێگەی درۆنەوە کرایە سەر ئاسمانی شاری هەولێر لە هەرێمی کوردستان. جەختیشی کردەوە کە حکوومەت بە هیچ شێوەیەک بێدەنگ نابێت لە بەرامبەر ئەم هەوڵە تاوانکارییانە کە دەیانەوێت زیان بە سەقامگیریی گەل و پڕۆسەی بنیاتنانی دەوڵەت و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بگەیەنن.

عەلی زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد، کە فەرمانی بە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان کردووە هەموو هەوڵێکیان بخەنە گەڕ و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بکەن، بۆ گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە ڕێگری لە هەر لایەنێک دەکەن کە هەوڵ بدات زیان بە ئاسایشی کۆمەڵگەی عێراقی بگەیەنێت، لە هەر شوێنێکی وڵات بێت.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.