دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند کە توانیویانە بەڕێوەبەری گشتیی کارە سەربازییەکان لە وەزارەتی بەرگری دەستگیر بکەن، بەهۆی تێوەگلانی لە دۆسیەیەکی گەورەی گەندەڵی و زیادەڕۆیی لە نرخەکانی گرێبەستی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی دەستەی دەستپاکی عێراق، ئەم ئۆپەراسیۆنە دوای دۆزینەوەی سەرپێچیی یاسایی و دارایی لە گرێبەستی نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەی هێزی ئاسمانی لە ناوچەی (ڕوستەمییە) ئەنجامدراوە. بەهای گرێبەستەکە 92 ملیار دینار بووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە زیادەڕۆییەکی زۆر لە خەمڵاندنی تێچووەکاندا کراوە بە مەبەستی بەهەدەردانی سامانی گشتی.
دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاشکرای کرد کە جگە لە بەڕێوەبەری کارە سەربازییەکان، ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ئەفسەرێکی تریش بە پلەی عەقید کە ئەویش تێوەگلاوە لە تێپەڕاندنی ئەم گرێبەستەدا. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لەو هەڵمەتە توندەی حکوومەت و دەزگا چاودێرییەکان دەبینرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە ناو دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا، کە لەم دواییانەدا چەندین بەرپرسی باڵای گرتووەتەوە.
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ سێشەممە عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ناو کۆشکی سپیی ئەمریكا جەختی لەسەر چەسپاندنی شەفافیەت و لێپرسینەوە کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.