دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا و عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (کوردستان تیڤی) لەمیانەی دیدارە هاوبەشەكەیاندا لە ناو کۆشکی سپی، ڕایانگەیاند کە قۆناغی داهاتووی پەیوەندییەکانیان سەرنج لەسەر وەبەرهێنانی ئابووریی فراوان دەبێت لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری (کوردستان تیڤی) سەبارەت بە ستراتیژیەتی نوێی واشنتۆن لە ناوچەکەدا ڕایگەیاند: ئێمە لە سەرتاسەری عێراقدا وەبەرهێنان دەکەین. ئەم لێدوانەی ترەمپ ئاماژەیە بۆ گۆڕینی هاوسەنگیی پەیوەندییەکان لە هەماهەنگیی سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابووریی قووڵ، کە تێیدا کۆمپانیا زەبەلاحەکانی ئەمریکا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە بونیادنانەوەی ژێرخان و کەرتی وزەدا.
لە لایەکی ترەوە، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لە پێگەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان کردەوە و گوتی: هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکی و بنەڕەتییە لە دەوڵەتی عێراق. زەیدی ئاماژەی بەوەش کرد کە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پاراستنی مافەکانی، بەشێکی دانەبڕاوە لە پلانی گشتگیریی حکوومەت بۆ گەیشتن بە گەشەپێدانی ئابووری و ڕاکێشانی وەبەرهێنەرە بیانییەکان بۆ هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی.
ئەم لێدوانە هاوبەشانە لە کاتێکدایە کە هەردوو سەرکردە لە کۆشکی سپی ڕێککەوتوون لەسەر کشانەوەی تەواوی هێزە ئەمریکییەکان تاوەکو کۆتایی مانگی 9ی ساڵی 2026. ترەمپ و زەیدی دەیانەوێت ئەو پەیامە بدەن کە کشانەوەی سەربازی بە واتای جێهێشتنی عێراق نایەت، بەڵکو دەستپێکی قۆناغی (دیپلۆماسیی ئابوورییە) کە تێیدا وەبەرهێنان دەبێتە گەرەنتیی سەرەکی بۆ سەقامگیریی درێژخایەن.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە کە جەختکردنەوەی زەیدی لەسەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە ناو دڵی واشنتۆندا، نیشانەی تێگەیشتنێکی هاوبەشە بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە ناو هاوکێشە نوێیەکاندا.
هاوکات بەڵێنەکەی ترەمپ بۆ وەبەرهێنان لە سەرتاسەری وڵاتدا، ئاسۆیەکی نوێ بۆ بوژانەوەی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کار دەکاتەوە، بەو مەرجەی حکوومەتی عێراق بتوانێت ژینگەیەکی ئارام و دوور لە چەکی گرووپە دەرەکییەکان بۆ ئەو کۆمپانیا ئەمریکییانە دابین بکات کە بڕیارە لە قۆناغی دوای کشانەوەی سوپا دەستبەکاربن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.