Erbil 31°C چوارشەممە 15 تەمووز 02:54

هێزە ئەمنییەکان دەست بەسەر 23 ملیار دیناردا دەگرن لە ماڵی بەرپرسێکی پاڵاوگەی بێجی

100%

هێزێکی گەورەی ئەمنیی هاوبەش لە ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕدا بڕی 23 ملیار دیناری نەختێنەیان لە ماڵی بەڕێوەبەری ژمێریاریی پاڵاوگەی بێجی لە قەزای شەرگات دۆزییەوە و دەستیان بەسەردا گرت.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی لە شەرگات بڵاو کراونەتەوە، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی تایبەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، گەمارۆی قەزای شەرگاتیان داوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەرپرسێکی دارایی لە پاڵاوگەی بێجی.

بەپێی زانیارییەکان، لە ناو ماڵی ئەم بەرپرسەدا بڕی 23 ملیار دیناری عێراقی بە شێوەی نەختێنە حەشار درابوو، دەستبەجێ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی پارێزراو تاوەکو ڕێکارە یاساییەکانی بەرامبەر بگیرێتە بەر.

ئەم بەرپرسەی پاڵاوگەی بێجی یەکێک بووە لەو کەسانەی کە عەدنان جومەیلی بریکاری وەزیری نەوت، لە میانی لێکۆڵینەوەکاندا دانی پێدا ناوە و تێوەگلانی لە چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیدا ئاشکرا کردووە.

دەستگیرکردنی ئەم تۆمەتبارە و دۆزینەوەی ئەم بڕە پارە زەبەلاحە لە ماڵەکەیدا، بە یەکێک لە گەورەترین گورزەکان بۆ سەر تۆڕەکانی گەندەڵی لە کەرتی نەوتی عێراق دادەنرێت، کە ماوەیەکی درێژە لە ژێر چاودێریی توندی دەزگا چاودێرییەکاندایە بۆ بنبڕکردنی گەندەڵییە ڕێکخراوەکان.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق و دەستەی دەستپاکیدایە بۆ ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی کە سامانی نیشتمانییان بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی بەکار هێناوە. شارەزایان پێیان وایە کە دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕە پارەیە لە ماڵی تەنها یەک بەرپرس، قەبارەی ئەو گەندەڵییە ڕێکخراوە نیشان دەدات کە لە ناو جومگەکانی ژمێریاری و دارایی پاڵاوگەکاندا هەبووە. لە ئێستادا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە پەیوەندییان بەم دۆسیەیەوە هەیە، بە ئامانجی گێڕانەوەی سەروەریی یاسا و پاراستنی داهاتە نیشتمانییەکانی وڵات.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.