وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە هەڵگرتنی قەدەغەی لەسەر یاریی ئەلیكترۆنی منداڵان رۆبلۆكس (Roblox) هەڵگرت، ئەمە لەكاتێكدایە كە هێشتا نەبووەتە ساڵێك قەدەغە لەسەر ئەو یارییە دانرابوو.
بڕیارەكە ئەمڕۆ یەشكەممە لەلایەن مستەفا سەنەد وەزیری گواستنەوەی عێراق دەركراوە و تێیدا قەدەغە لەسەر یاریی رۆبلۆكس (Roblox) هەڵگیراوە.
بڕیارەكە سبەی دووشەممە بەفەرمی دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام بەو مەرجە دەبێت كە یارییەکە لەژێر چاودێرییەکی تونددا بێت و تایبەتمەندیی چات (گفتوگۆ) بۆ منداڵان قەدەغە بکرێت.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق پارساڵ لە رێكەوتی 19ی تشرینی یەكەمی 2025 بەفەرمی یاریی ئەلیكترۆنی منداڵان رۆبلۆكسی لە تەواوی عێراق قەدەغە كردبوو.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە كاتی بڕیاری قەدەغەكردنی یارییەكە رایگەیاندبوو: لە توێژینەوەكان دەركەوتووە یاریی رۆبلۆكس چەندان مەترسی ئەمنی و كۆمەڵایەتی و رەفتاری خراپ بەدوای خۆیدا دەهێنێت بەتایبەتیش لەنێو منداڵان و هەرزەكاراندا.
ئاماژەی بەوەشدابوو كە یارییەكە هەروەها دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ساختەكارییەكی زۆر و دزینی داتا و زانیاری و هەروەها بارگرانی دارایی و حاڵەتەكانی ئالوودەبوونی منداڵان بە یارییە ئەلیكترۆنییەكان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.