دواى چوار مانگ لەو هێرشانەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە بوونە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی، چارەنووسی موجتەبا خامنەیی کوڕی و جێگرەوەی ئەگەرى لە تەمومژێکی قووڵدا ماوەتەوە و گومانەکان لەسەر کوژرانی زیاد دەکەن.
دواى تێپەڕبوونی 4 مانگ بەسەر ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کە تاران و ناوەندە هەستیارەکانی دەسەڵاتی لە ئێران کردە ئامانج، موجتەبا خامنەیی هێشتا لە چاوی میدیاکان و جیهان ونە. سەرەڕای ئەوەی چاوەڕوانییەکی زۆر هەبوو کە ناوبراو لانی کەم لە مەراسیمی فەرمیی ناشتن و خاکسپاردنی تەرمی باوکیدا دەربکەوێت بۆ ئەوەی شەرعییەت بە دەسەڵاتی خۆی وەک ڕێبەری نوێ بدات، بەڵام ئامادەنەبوونی لەو مەراسیمەدا شەپۆلێکی نوێی لە پێشبینی و گومان سەبارەت بە سەلامەتی و چارەنووسی ڕاستەقینەی دروست کردووەتەوە.
لە ماوەی ئەم 4 مانگەدا، ئەگەرچی چەندین پەیام و ڕاگەیەندراوی نووسراو بە ناوی موجتەبا خامنەیی وەک ڕێبەری نوێی کۆماری ئیسلامی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام هیچ جۆرە بەڵگەیەکی مادیی متمانەپێکراو بۆ سەلماندنی زیندوێتیی ئەو لە ئارادا نییە. تاوەکو ئێستا هیچ وێنەیەکی نوێ، پارچە ڤیدیۆیەک، پەیامێکی دەنگی، یان دیدارێکی فەرمیی پشتڕاستکراوە لەگەڵ بەرپرسانی ناوخۆیی یان بیانی ئەنجام نەدراوە. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەڵگەی پێویست لەبەردەستدا نییە بۆ هەڵسەنگاندنی باری تەندروستی، توانای بەڕێوەبردنی وڵات و تەنانەت دڵنیابوونەوە لە ڕاستیی ئەو پەیامە نووسراوانەی کە بۆی دەگەڕێندرێنەوە.
ئەم شێوازە لە شاردنەوە و ونبوونی سەرکردەی یەکەم، بۆ زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و تەنانەت هاووڵاتیانی ئەفغانستانیش ئاشنایە. دۆخی ئێستای موجتەبا خامنەیی هاوشێوەی دۆخی مەلا عومەر، ڕێبەری پێشووی تاڵیبانە، کە ئەو گروپە توانییان مەرگی ڕێبەرەکەیان بۆ ماوەی زیاتر لە 2 ساڵ بە نهێنی بهێڵنەوە. تاڵیبان دواتر دانی بەوەدا نا کە مەلا عومەر لە 23ی نیسانی 2013 کۆچی دوایی کردبوو، بەڵام هەواڵەکەیان تاوەکو تەممووزی 2015 لە جیهان و تەنانەت لە چەکدارەکانی خۆشیان شاردبووەوە بۆ ئەوەی یەکڕیزیی گروپەکە پارێزراو بێت.
نەبوونی هیچ بەڵگەیەکی سەلمێنراو بۆ کوژرانی موجتەبا خامنەیی لە لایەک، و نەبوونی نیشانەی زیندوێتیی لە لایەکی دیکە، کۆماری ئیسلامیی خستووەتە قۆناغێکی ناڕوون و ناسەقامگیرەوە. لە کاتێکدا هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیانی گەورەیان بە هەرەمی دەسەڵات لە تاران گەیاندووە، ونبوونی موجتەبا خامنەیی وەک جێگرەوەی باوکی، گومان دەخاتە سەر توانای ڕژێمەکە بۆ مانەوە و بەردەوامبوون. چاودێرانی نێودەوڵەتی لە BBC پێیان وایە کە ئەگەر لە ماوەیەکی نزیکدا موجتەبا خامنەیی بە ڤیدیۆ یان لە دیدارێکی گشتیدا دەرنەکەوێت، ئەوا دەبێت جیهان خۆی بۆ ڕاگەیاندنی فەرمیی کۆتایی سەردەمی خامنەییەکان لە ئێران ئامادە بکات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.