Erbil 31°C سێشەممە 14 تەمووز 04:38

پاکستان 20,000 ئەفغانی دەنێرێتەوە وڵاتەکەیان

Kurdistan Ahmed
100%

حکوومەتی ویلایەتی "خەیبەر پەختونخوا" لە وڵاتی پاکستان، ڕۆژی هەینی 10ی تەممووزی 2026، قۆناغێکی نوێی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرە ئەفغانییانەی دەستپێکرد کە بەبێ بەڵگەنامەی فەرمی لەو وڵاتەدا دەژین.

بەپێی پلانەکەی حکوومەتی ئەو ویلایەتە، بڕیار وایە تەنها لەم قۆناغەدا نزیکەی 20,000 (بیست هەزار) کۆچبەری ئەفغانی لە شاری پیشاوەرەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان بگەڕێندرێنەوە. بەرپرسانی ناوچەکە ڕایانگەیاندووە کە هەموو ئامادەکارییە پێویستەکانیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە تەواو کردووە و هیچ پاشەکشەیەک لەو پلانەدا نییە.

هەر لەم چوارچێوەیەدا، دەزگا ئەمنییەکانی پاکستان لیستێکی وردیان لە ناوی ئەو کۆچبەرە ئەفغانییانە ئامادە کردووە کە لە گەڕەکە جیاوازەکانی شاری پیشاوەر نیشتەجێن، تاوەکو لە ڕێگەی هەڵمەتی گەڕان و پشکنینەوە دەستنیشان بکرێن و ڕەوانەی سنوورەکان بکرێنەوە.

ئەم هەنگاوەی پاکستان لە چوارچێوەی سیاسەتە توندەکانی ئەو وڵاتەدایە بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان لەسەر خاکەکەی. چاوەڕوان دەکرێت ئەم پڕۆسەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا فراوانتر بکرێت و ناوچەکانی دیکەی وڵاتەکەش بگرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی مرۆیی ئەو کۆچبەرانە دەربڕیوە کە دوای ساڵانێکی زۆر نیشتەجێبوون، ناچار دەکرێن بگەڕێنەوە بۆ ئەفغانستان.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.