دکتۆر هێمن هەورامی ڕایگەیاند کە چیتر هیچ بیانویەکی سیاسی، یاسایی و نیشتمانی بۆ کارانەکردنی پەرلەمان نەماوە و جەختی کردەوە کە هەموو لایەنەکان لەبەردەم بەرپرسیارێتی و تاقیکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوەدان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
ئەم هەڵوێستەی هەورامی لە کاتی دوو دیداری جیاوازدا هات کە لە ڕێکەوتی 8ی 7ی 2026 ئەنجامدران، لەگەڵ هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی ژاپۆن، و تیمی سیاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق، هەروەها لە دیدارێکی دیکەدا لەگەڵ خاتوو لویسیا، ڕاوێژکاری سیاسی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، هەورامی ئاماژەی بەوە کرد کە دوای تێپەڕبوونی 20 مانگ بەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی براوەی یەکەم، هەموو هەوڵێکی داوە لە ڕێگەی دیداری دووقۆڵی و چەندقۆڵی، پەیام و پێکهێنانی لیژنەی گفتوگۆوە، تاوەکو ڕێککەوتن ئەنجام بدرێت و پەرلەمان کارا بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە دەستووری و یاساییەکانی. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو ڕێگری و کاتکوشتنانەی کە لەم ماوەیەدا کراون بە مەبەستی بەلاڕێدا بردن و نادیدەگرتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.
هەورامی دووپاتی کردەوە کە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم، چەسپاندنی دیموکراسیەت و ڕێزگرتن لە دەنگی دەنگدەران، پێویستە سەرجەم ئەو لایەنە سیاسییانەی نوێنەریان لە پەرلەماندا هەیە، بەرپرسیارێتی نیشتمانی هەڵبگرن بۆ کاراکردنەوەی دامەزراوەی پەرلەمان. ئاماژەی بەوەش دا کە وەک پارتی ئامادەیی تەواویان هەیە بۆ بەشداری لە دانیشتنەکانی پەرلەمان و ڕایگەیاند: "هەر لایەنێک بە هەر جۆرە ڕێککەوتن یان ڕێکارێکی دیکە خۆی بە خاوەن زۆرینە یان هاوشانی کورسییەکانی پارتی دەزانێت، با بفەرموون بێنە ناو پەرلەمانێکی کارا و لەوێ درێژە بە گفتوگۆکان بدەین."
لە کۆتایی دیدارەکاندا جەخت کرایەوە کە هەر جۆرە خۆدزینەوەیەک لەم هەنگاوە، بە واتای نادیدەگرتنی ئیرادەی دەنگدەران و بە بارمتەگرتنی پەرلەمانی کوردستان دێت. هاوکات، دوایین هەڵوێست و شیکردنەوە سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بۆ دیپلۆماتکارانی میوان خرایە ڕوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.