ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، لە بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە کەیسی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، هێزە ئەمنییەکان حەشارگەیەکی نوێیان لە شاری تکریت ئاشکرا کردووە کە تێیدا دەست بەسەر 25 ملیار دیناری شاردراوە لە ناو دەبەی ئاودا، یەک ملیۆن دۆلار و پێنج کیلۆگرام زێڕدا گیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی تەمووز، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕایگەیاند، 25 ملیار دینار، یەک ملیۆن دۆلار و 5 کیلۆگرام زێڕی دیکە لە دۆسیەی گەندەڵیی تۆمەتباری ڕاگیراو (عەدنان جومەیلی)، بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن و ئەو لایەنانەی لەگەڵیدا تێوەگلاون دۆزراونەتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو بڕە پارە نوێیەی دەستی بەسەردا گیراوە، لە ناو بتڵی پلاستیکیی ئاودا و لە ماڵی تۆمەتبارەکە لە شاری تکریت شاردرابوونەوە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی ئاشکرای کردووە، کۆی گشتیی ئەو پارانەی تا ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە، بەرز بووەتەوە بۆ (127) ملیار دینار و (24) ملیۆن دۆلار، ئەمە سەرباری موڵک و ماڵ، ئۆتۆمبێل و ئەو زێڕانەی کە دەستیان بەسەردا گیراوە. هاوکات جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە لێکۆڵینەوەکان و ڕاوەدوونانی کەسانی دیکەی تێوەگلاو، تا تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان بەردەوام دەبن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.