تۆم باراک، باڵیۆزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تورکیا، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئەمریکا لە 4ی تەممووزی 1776، پەیامێکی بڵاوکردەوە.
باراک ڕایگەیاند، کە ئەو بەها و بنەمایانەی لە بەیاننامەی سەربەخۆییدا هاتوون، لەوانە ئازادی و یەکسانی و مافی گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان، تاوەکو ئێستاش لە جیهاندا بایەخیان ماوە.
باڵیۆزی ئەمریکا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەو شانازی دەکات نوێنەرایەتی نەتەوەیەک دەکات کە بۆ ماوەی چارەکە هەزارەیەک وەک "مەشخەڵی ئازادی" ماوەتەوە. ناوبراو چیرۆکی ئەمریکای وەک نموونەیەک بۆ خۆڕاگری و باوەڕبوون بەوەی "سبەی دەتوانێت لە ئەمڕۆ باشتر بێت" وەسف کرد. جەختیشی کردەوە کە ئەم چیرۆکە تەنها بۆ ئەمریکییەکان نییە، بەڵکو بۆ هەموو ئەو کەس و لایەنانەشە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانیان وەک هاوبەش و هاوپەیمان و دۆست هەڵبژاردووە.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، تۆم باراک ڕایگەیاند کە گەیشتن بەم قۆناغە مێژووییەی 250 ساڵە، دەرفەتێکە بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوون بەو بەهایانەی کە بوونەتە هۆی پێشکەوتنی ئەمریکا، لەوانە بوێری لە سەرکردایەتیکردن و توانای بەرگریکردن لە باوەڕەکان.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ شەممە 4ی تەممووزی 2026، زنجیرەیەک ئاهەنگی گەورە لە سەرتاسەری ویلایەتەکان بەبۆنەی ئەم یادە مێژووییەوە ئەنجام دەدات، کە تێیدا حکوومەتی ئەمریکا ئامادەکاریی بێوێنەی بۆ نمایشە ئاسمانی و یارییە ئاگرینەکان کردووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.