دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکدا لە کێوی ڕاشمۆر و لە یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکەیدا، هۆشداری دا لەوەی کە گرووپە "توندڕەوەکانی" ناوخۆ هەڕەشەیەکی جدی بۆ سەر شوناسی ئەمریکا دروست دەکەن.
ترەمپ لە بەردەم مۆنۆمێنتە بەناوبانگەکەدا، کە وێنەی چوار سەرۆکی پێشووی ئەمریکای لەسەر هەڵکۆڵدراوە، ستایشی "خەونی ئەمریکی" کرد، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی نزیکبوونەوە لەم یادە مێژووییە گەورەیە، شوناسی وڵاتەکەی کەوتووەتە ژێر هێرشێکی نوێوە.
سەرۆکی ئەمریکا لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند: "نەوەیەک دوای ئەوەی جەنگی ساردمان ئەنجامدا و تێیدا بەسەر مەترسیی شیوعیەتدا سەرکەوتین، ئێستا دووبارە هەڕەشەی شیوعیەت لە ناو خودی خاکەکەماندا سەری هەڵداوەتەوە."
ئەم گوتارە نوێیەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا باڵی چەپی ناو پارتی دیموکرات توانیویانە لە چەندین هەڵبژاردنی بەراییدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن. ترەمپ و پارتی کۆماری هەوڵ دەدەن بەرەو هەڵبژاردنە پەرلەمانییە نیوەییەکانی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو، پەیامی "مەترسیی چەپڕەویی توندڕەو" وەک تاکتیکێکی سیاسی بەکاربهێنن و نەیارەکانیان بە "شیوعی" وێنا بکەن کە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی وڵات.
ئەم مەراسیمەی کێوی ڕاشمۆر بەشێکە لە زنجیرە ئاهەنگەکانی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی ئەمریکا، کە حکوومەتی واشنتن ئامادەکاریی گەورەی بۆ کردووە، سەرەڕای ئەو جیاوازییە سیاسییە قووڵانەی کە لە ئێستادا لە ناوخۆی وڵاتدا بوونیان هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.