بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازە سنوورییەکان، لە شەش مانگی ڕابردوودا جموجۆڵی بازرگانی و داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ـی تەمووز، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئامارەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی خستە ڕوو و ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2025دا 383 مۆڵەتی هاوردەکردن درابوو کە تێیدا 82,105 ئۆتۆمبێل هاوردە کرابوو، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا تەنیا 333 مۆڵەت دراوە و 52,001 ئۆتۆمبێل هاوردە کراوە.
سەبارەت بە هاوردەکردنی کاڵاکانیش، نەوزاد شێخ کامیل ڕایگەیاند، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا 1,492 مۆڵەتی بازرگانی دراوە، بەڵام بۆ هەمان ماوە لە ساڵی 2026دا تەنیا 1,038 مۆڵەت دراوە، ئەمەش نیشانەی پاشەکشەی بەرچاوی مۆڵەتە بازرگانییەکانە.
ناوبراو هۆکاری ئەم کەمبوونەوەیەی بۆ سیستەمی "ئەسیکۆدا" گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە ئەو سیستەمە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بەو هۆیەشەوە داهاتی ناوخۆ کەمی کردووە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی باسی لە هەڵمەتەکانی چاودێریی بازاڕ کرد و گوتی: لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، تیمەکانمان 24,746 سەردانی مەیدانییان ئەنجام داوە؛ لەو چوارچێوەیەشدا 807 کەس بەهۆی سەرپێچییەوە سزای جۆراوجۆری وەک سزای ماددی، داخستنی شوێن یان کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بەسەردا سەپێنراوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.