ئەنجوومەنی نیشتمانیی هۆز و عەشیرەتەکانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بەفەرمی پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دووپاتكردەوە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گێڕانەوەی سەروەت و سامانی گشتیدا.
شێخ نەعیم سوهەیل سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی هۆز و عەشیرەتەکانی عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ئەنجوومەنەكەمان کۆنگرەیەکی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵمەتی گەورەی دژ بە گەندەڵكاران لە عێراق ئەنجام دا.
شێخ نەعیم سوهەیل راشیگەیاند: ئەو پرۆسەیەی حکوومەت كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستی پێ کردووە، هەنگاوێکە کە ماوەیەکی درێژە چاوەڕوان دەکرێت و وەڵامدانەوەیەکە بۆ ئەو داواکارییانەی کە مەرجەعیەتی ئایینی، جەماوەر و گەنجانی عێراق لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوودا بەرزیان کردووەتەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنەکە جەختیشی کردەوە کە پاڵپشتیکردنی ئەم پڕۆسەیەی حكوومەت لەلایەن هەموو تاكێكی عێراقی بووەتە ئەرکێکی نیشتمانی.
لە كۆتاییدا دووبارە هاوسۆزی و پشتیوانیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی هۆز و عەشیرەتەکانی عێراقی بۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و دادوەران، پاڵپشتیی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن دژ بە تۆمەتبارانی دۆسیەکانی گەندەڵی دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.