Erbil 31°C چوارشەممە 01 تەمووز 19:32

ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتنی بنیاتنانی باڵەخانەی هەمیشەیی باڵیۆزخانەی ئەمریکایان لە ئۆرشەلیم واژۆ کرد

100%

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە 1ی تەممووزی 2026، ڕێککەوتنێکی فەرمییان بۆ بنیاتنانی باڵەخانەی هەمیشەیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری ئۆرشەلیم واژۆ کرد. حكوومەتی ئیسرائیل ئەم هەنگاوەی وەک ڕەنگدانەوەی "هاوپەیمانییەکی پتەو"ی نێوان هەردوو وڵات وەسف کرد.

مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لە میانی مەراسیمی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند: "ویلایەتە یەکگرتووەکان تەنها وەک پایتەختی هەمیشەیی و ڕەسەنی گەلی یەهوودی دان بەئۆرشەلیمدا نانێت، بەڵکو هەنگاوی کردەییش لەو بارەیەوە دەنێت." هاکابی ئاماژەی بەوە کرد کە بە دروستکردنی ئەم کۆمەڵگەیە نوێیەی باڵیۆزخانە، ئاڵای ئەمریکا لەسەر خاکی قودس دەچێنن و دەبێتە ناوەندی سەرەکیی چالاکییە دیپلۆماسییەکانیان لە ئیسرائیل.

بڕیارە باڵیۆزخانە هەمیشەییەکە لە کۆمەڵگەی "ئەلێنبی" لە باشووریئۆرشەلیم دروست بکرێت. ئەم هەنگاوە تەواوکەری ئەو بڕیارەیە کە دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2017 و لە ماوەی یەکەمی سەرۆکایەتیدا دابووی بۆ ناساندنی ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل و گواستنەوەی باڵیۆزخانە لە تەل ئەبیبەوە. ئەو بڕیارەی ترەمپ گۆڕانکارییەکی گەورە بوو لە سیاسەتی چەندین دەیەی ئەمریکا کە پێی وابوو چارەنووسی قودس دەبێت تەنها لە ڕێگەی دانوستانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکانەوە یەکلا بکرێتەوە.

گدعۆن ساعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ستایشی ڕێککەوتنەکەی کرد و ڕایگەیاند کە بنیاتنانی باڵیۆزخانە هەمیشەییەکە، بڕیارە مێژووییەکەی ساڵی 2017ی ترەمپی چەسپاوتر و بەردەوامتر کردووە. هاکابی لە پەیامێکی تردا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوە کرد کە "هەروەک چۆن ئەمریکا گرنگییەکی زۆری بۆ ئیسرائیل هەیە، ئیسرائیلیش بە هەمان شێوە گرنگییەکی ستراتیژیی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەیە."

واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی ڕابردوودا پێکەوە لە شەڕێکی سەربازیی چەند مانگیی دژی ئێراندا بوون. هەروەها ئەم هەنگاوە دوای ئەو ڕاپۆرتە میدیاییانە دێت کە باسیان لە هەبوونی جۆرێک لە ساردی و گرژی لە نێوان دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ دەکرد، ئەوەش بەهۆی جیاوازیی دیدگای هەردوولا لەسەر چۆنییەتی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران و جێگیرکردنی ئاگربەست.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.