وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان داهاتی 7 ساڵی ڕابردووی باجی بڵاو کردەوە کە زیاتر لە 5 ترلیۆن و 400 ملیار دینار بووە و زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەولێرە.
ڕۆژی سێشەممە 30ـی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە درێژەی خستنەڕووی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری و لەچوارچێوەی پەیڕەوکردنی بنەماکانی شەفافیەت و ئەنجامدانی چاکسازی، بەشی دووەمی داتا و زانیارییەکان کە تایبەتە بە داهاتەکان و وردەکارییەکانی لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگاکان دەخرێتەڕوو.
بەپێی داتاکان کۆی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە ساڵی 2019 تا کۆتایی ساڵی 2025 نزیکەی 5 ترلیۆن و 415 ملیار و 30 ملیۆن دینار بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا چەندین چالاکی وچاکسازی ئەنجام داوە لە بوارەکانی کارگێڕی، دارایی، یاسایی، پیشهیی و تەکنیکی بەپێی یاسا و ڕێساکان بەهەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و لایەنەکانی دادوەری و داواکاری گشتی هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی بازرگانی و وەبەرهێنان....هتد، لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
دوای ئاماژەدان بە بەشی یەکەمی پەرتووکەکە کە پێکهاتبوو لە بوودجەی گشتی عێراق و پشکی هەرێمی کوردستان و میلاک ژمارەی مووچەخۆر و سوودمەندان لەگەڵ شێوازی دابەشکردنی مووچە، خەرجییە گشتییەکان، قەرز و پێشینەکان.
بەمەبەستی ڕێکخستنی کارەکانی باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی داهات و نەهێشتنی خۆدزینەوە لە باج و هەڵوەشاندنەوەى لێخۆشبوونەکان و پێداچوونەوە بۆ قەرزدارانی باج, چەندین هەنگاوی تر هەر وەکو لە کتێبی وەزارەت ئاماژەی پێ کراوە لە بوارەکانی:
1- بە سیستەمکردنی پڕۆسەی کاروباری باج و خانووبەرەی میری لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکوومەتی هەرێم.
2- ڕێکخستنەوەى باج لە خاڵە سنوورییەکان و دانانی ڕێکارەکانی تایبەت بە وەرگرتنی باجی هاوردە و هەناردە.
3- ڕێکخستن و پۆلێنکردنی ژمارەی کۆمپانیاکانی گەورە باجدەران لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان.
4- پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەى بڕیارەکانی لێخۆشبوون لە باجى زەوى پڕۆژەکانى وەبەرهێنان.
5- سەرژمێریکردن و کەمکردنەوەی زێدەڕۆیی لەسەر موڵکەکانی میری و بەکرێدان و فرۆشتنی موڵکەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەژێر ڕۆشنایی یاسادا.
6- هەموارکردنەوەى پەیڕەوى تیانووسی گرتنی بازرگانى(نظام مسك السجلات التجارية لضريبة الدخل) بۆ مەبەستەکانى باجى دەرامەت و دانانى پەیڕەوى ئەنجومەنى پیشە (مجلس مهنة التدقيق والحسابات) لەگەڵ چەندین هەنگاوی دیكە.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، زۆرترین ڕێژەی داهاتی باج و خانووبەرەی میری لە پارێزگای هەولێرە لەبەر ئەوەی پایتەختی هەرێمی کوردستانە و ژمارەی کۆمپانیا گەورەکان و جوڵەی بازرگانی لەو پارێزگایە زیاترە بەراورد بە پارێزگاکانی دیکە. هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە باجی هاوردە و هەناردە لە خاڵە سنوورییەکان و دەروازەکان کۆدەکرێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.