هێزە ئەمنییەکان بە هاوکاری لێژنەی دەستپاکی، لە بۆسەیەکدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر پارەی کاشدا گرت کە لە ناو ئۆتۆمبێلێکی تایبەتدا حەشار درابوو.
بەپێی زانیارییەکانی محەمەد ساڵح پەیامنێری کوردستان تیڤی، لە نزیک بازگەی "عەباس چۆما" کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی سەڵاحەدین و دیالە لە باشووری قەزای خورماتوو، هێزە ئەمنییەکان و لێژنەیەکی راسپێردراوی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دەستپاکی، توانییان دەست بەسەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری "نیسان پازفایندەر" بگرن.
لە کاتی پشکنینی ئۆتۆمبێلەکەدا، بڕی 4 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی (400 دەفتەر دۆلار) دۆزرایەوە و دەستی بەسەردا گیرا. هاوکات شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بەناوی (ز.ع.ش.) دەستگیر کراوە و ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەر گیراوەتە بەر.
تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان و لێژنەی دەستپاکی بە فەرمی هیچ لێدوانێکیان لەبارەی سەرچاوەی ئەو پارەیە و هۆکاری گواستنەوەکەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ تۆمەتبارەکە بەردەوامن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.