وەزارەتی دەرەوەی ئێران پشتڕاستی کردەوە کە شاندێکی تەکنیکی وڵاتەکەی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا سەردانی دۆحەی پایتەختی قەتەر دەکات. ئەم سەردانە لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دێت بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییە تەکنیکییەکانی ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی کە لەم دواییانەدا لە نێوان تاران و واشنتن واژۆ کراوە.
ئەم بڕیارەی تاران دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو ئێران داوای کۆبوونەوەیەکی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. چاوەڕوان دەکرێت شاندە ئێرانییەکە لەگەڵ نێردراوانی ئەمریکا و نێوەندگیرە قەتەرییەکان کۆببنەوە تاوەکو ڕێگری بکەن لە هەر جۆرە پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی و پاراستنی ئاگربەستە 60 ڕۆژییەکە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاڵۆزیی گەورەی بەخۆوە بینی، بەتایبەت لە گەرووی هورمز و کەناراوەکانی ئێران. حكوومەتی ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئامانجی لەم دیدارە گەیشتنە بە لێکتێگەیشتنی ورد دەربارەی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیەتی لە سایەی ئەو فشارە دارایی و سەربازییانەی کە ڕووبەڕووی بوونەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.