Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 05:47

دادگای باڵای ئەمریکا ڕێگری لە ترەمپ کرد ئەندامێکی بانکی ناوەندی لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە

Kurdistan Ahmed
100%

دادگای باڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی دووشەممە، بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا ڕێگری لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد کە لیزا کووک، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگارانی یەدەگی فیدراڵی (بانکی ناوەندیی ئەمریکا) لە پۆستەکەی لابدات. بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگی 5 ئەندام بەرامبەر بە 4 ئەندام دەرچووە.

دادگای باڵا لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، کە سەرۆکی ئەمریکا بۆی نییە بەرپرسانی بانکی ناوەندی "بۆ هەر هۆکارێک یان بەبێ هۆکار" لە کارەکانیان دوور بخاتەوە. هەرچەندە یاساکانی ئەمریکا ڕێگە بە سەرۆک دەدەن ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاران بۆ "هۆکارێکی گونجاو" لابدات، بەڵام دادگا دەڵێت ترەمپ شکستی هێناوە لە دابینکردنی ئەو گەرەنتییە یاسایی و ڕێکارییانەی کە یاسا بۆ کووکی دیاری کردووە.

لیزا کووک، کە یەکەم ژنی ڕەشپێستە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگارانی بانکی ناوەندی، پێشوازی لە بڕیارەکە کرد. کووک لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی، ئەم بڕیارە جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بنەمایەی کە دەبێت بانکی ناوەندی بڕیارەکانی لە بواری سیاسەتی دارایی لەسەر بنەمای بەڵگە و سەربەخۆیی بدات، نەک لەژێر کاریگەریی دەستوەردانی سیاسی.

کێشەکە بۆ مانگی ئابی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، کاتێک دۆناڵد ترەمپ فەرمانی لادانی کووکی دەرکرد بەهۆی گومانی تێوەگلانی لە "فێڵی خانووبەرە". ترەمپ تۆمەتباری کردبوو بەوەی لە کاتی وەرگرتنی قەرزی ڕەنی خانووبەرەدا زانیاریی نادروستی داوە، بەڵام کووک ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و پارێزەرەکەشی ڕایگەیاند کە ئەوەی ڕوویداوە تەنها "هەڵەیەکی نائەنقەست" بووە لە نووسراوەکانی قەرزەکەدا.

ئەم هەوڵەی ترەمپ بۆ لادانی کووک وەک کارێکی بێ وێنە لە مێژووی 111 ساڵەی بانکی ناوەندیی ئەمریکادا (Fed) دەبینرێت. ئەم ململانێیە یاساییە لە کاتێکدایە کە سەرۆکی ئەمریکا فشارێکی زۆری خستووەتە سەر بانکی ناوەندی بۆ دابەزاندنی نرخی سوود بە مەبەستی بوژاندنەوەی چالاکییە ئابوورییەکانی وڵات، لە بەرامبەریشدا بانکی ناوەندی جەخت لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی خۆی دەکاتەوە لە حكوومەت

 

.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.