بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سەڵاحەدین، کە نوێنەرایەتی وەزارەتی پەروەردەی عێراق دەکات، ڕایگەیاند کە توانیویانە تەنیا لە پارێزگای سەڵاحەدین بڕی 73,528,140 دینار بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێننەوە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ پاراستنی سامانی گشتی و جێبەجێکردنی چاکسازیی دارایی وەسف کراوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەت، ئەم پڕۆسەیە لەژێر سەرپەرشتیی ڕاستەوخۆی ئەحمەد سامی تاهیر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکە ئەنجامدراوە. ئاماژە بەوەش دراوە کە گەڕاندنەوەی ئەو بڕە پارەیە بەرهەمی کار و وردبینیی بەردەوامی هۆبەی "یەکتربڕینی وەزیفی" (التقاطع الوظيفي) و ستافی لایەنە پەیوەندیدارەکان بووە، کە توانیویانە ئەو پارانە دەستنیشان بکەن و بۆ بەرژەوەندیی گشتی بیگەڕێننەوە.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی پەروەردە دوابەدوای ڕێنماییە توندەکانی وەزیری پەروەردە دێت کە تێیدا جەخت لەسەر وردبینی لە خەرجییەکان و پاراستنی وردی دارایی دەوڵەت کراوەتەوە. حكوومەتی عێراق لەم دواییانەدا هەڵمەتێکی فراوانی بۆ چاودێریکردنی میلاکات و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران دەستپێکردووە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هەر جۆرە سەرپێچییەک لە یاساکانی خزمەتی شارستانی و دارایی نیشتمانی.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.