سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی هەشتەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد و تێیدا چەندین بڕیاری گرنگ لەبارەی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کارەبا، نیشتەجێکردن، ژینگە و تەندروستی دران.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە کە ئەو هەنگاوانەی دژی گەندەڵی نراون تەنیا قۆناغی یەکەمە و حکوومەت بەردەوام دەبێت لە گێڕانەوەی ماڵی گشتی، گوتیشی: " ڕێگە نادەین گەندەڵکاران لەنێو جەستەی دەوڵەتدا بن و لەم بەرپرسیارێتییەدا هیچ کەمتەرخەمییەک قبووڵ ناکەین".
دەقی ڕاگەیەندراوی بڕیار و پەسەندکراوەکانی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق:
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە ئەو هەڵمەتەی دژی گەندەڵی ئەنجام درا، قۆناغی یەکەمە و حکوومەت بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بۆ گەڕاندنەوەی ماڵی گشتی، هەروەها ڕاسپێردراوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق و لەم بەرپرسیارێتییەشدا هیچ کەمتەرخەمییەک قبووڵ ناکات.
عەلی زەیدی وتیشی کە بارودۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ناکرێت بێدەنگیی لێ بکرێت و پەرۆشیمان بۆ ڕەوشی عێراقییەکان هانمان دەدات کە جەخت بۆ ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بکەینەوە کە پاسەوانی بەهێز بۆ سەر سامانی گشتی هەن و بە باشترین شێوە مامەڵەیان پێوە دەکەین.
سەرۆک وەزیرانی عێراق دەزگا چاودێرییەکانی ڕاسپارد کە هەر ئاماژەیەک سەبارەت بە ئەدای حکوومەت یان ئەدای وەزارەتەکان وەربگرن بۆ ئاشکراکردنی حاڵەتەکانی گەندەڵی یان کەمتەرخەمی و ئاماژەی بەوەش دا، عێراق بە قۆناغەکانی جەنگ، پشێوی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا تێپەڕیوە، و ئەمڕۆش ڕێڕەوی حکوومەت جیاوازە، ئەویش لە ڕێگەی کاراکردنی ڕێکارەکانی بەهێزکردنی پێگەی دەوڵەتی عێراق، قۆرخکردنی هێز و چەک لەلایەن دەوڵەتەوە و ڕێگەنەدان بە گەندەڵکاران کە لە ناو جەستەی دەوڵەتدا بن بە مەبەستی دزینی ماڵی گشتی.
عەلی زەیدی ئاماژەی بە بەردەوامبوون لە ئامادەکردنی بودجەی ساڵی داهاتوو کرد لە چوارچێوەی ڕێبازی (بودجەی بەرنامەکان)، کە پارەی زیاتر بۆ کەرتی کارەبا تەرخان دەکات بە مەبەستی گرێبەستکردن بۆ (25) هەزار مێگاوات لەم ساڵەدا، بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو دۆخی تۆڕی نیشتمانی زۆر باشتر بێت و ڕوونیشی کردەوە کە بەدواداچوونی بەردەوام هەیە بۆ پڕۆژەی ملیۆنێک پارچە زەویی نیشتەجێبوون، کە لە زووترین کاتدا تەواو دەکرێت و ئەنجامەکانی دەردەکەون.
لەو چوارچێوەیەشدا، ئەنجومەنی وەزیران دەستپێشخەریی (ملیۆنێک پارچە زەویی نیشتەجێبوون)ـی وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی و ستراتیژی بۆ دابینکردنی زەویی نیشتەجێبوون پەسەند کرد، لەگەڵ دابینکردنی ژێرخانی پێویست لە سەرجەم پارێزگاکاندا (جگە لە هەرێمی کوردستانی عێراق)، بۆ ئەوەی بەسەر ئەو هاووڵاتییانەدا دابەش بکرێت کە شایستەن، بە مەبەستی دابینکردنی نیشتەجێبوونی شایستە بۆیان.
هەروەها ئەنجومەن پێکهێنانی لیژنەی باڵای بۆ دەستپێشخەرییەکە پەسەند کرد بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران و ئەندامێتیی ژمارەیەک لە وەزیران و سەرۆکی دەستە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی ئەرکی داڕشتنی سیاسەتی گشتی بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە بگرێتە ئەستۆ، هەروەها پلانی کاری ستراتیژی و خشتەی کاتییەکەی بەپێی تەوەرە سەرەکییەکانی کار پەسەند بکات کە بریتین لە؛ (دیاریکردنی مەرجەکانی شایستەبوون و بنکەی داتای شایستەکان، ئامارکردن و دابینکردنی زەوییەکان، ئامادەکردنی مۆدێلی ئابووری و تەمویلکردن و دیاریکردنی چوارچێوە یاساییەکان بۆ جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییەکە)، بەو مەرجەی لیژنەکە بە شێوەیەکی خولی کۆبوونەوەکانی ساز بکات و ڕاسپاردەکانی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران بکات.
پاشان ئەنجومەن درێژەی بە تاوتوێکردنی ژمارەیەک بابەت و بڕیاری ناو خشتەی کارەکانی دا و ئەم بڕیارانەی خوارەوەی لەبارەیانەوە دەرکرد:
لە چوارچێوەی چاکسازیی داراییدا، ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزاریی ئابووری سەبارەت بە پاکتاوی باج (التحاسب الضريبي) پەسەند کرا، کە تیایدا کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت کە لە عێراق کار دەکەن، بە بەڵێندەرانیشەوە، خرانە ژێر یاسای سەپاندنی باجی دەرامەت بەسەر ئەم کۆمپانیایانەدا ژمارە (19ـی ساڵی 2010)، کە بەپێی یاساکە باجێکی جێگیری دەرامەت بە ڕێژەی (35%) دەسەپێندرێتە سەر کۆی ئەو داهاتەی ئەم کۆمپانیایانە لە عێراق بەدەستی دەهێنن، بەو مەرجەی دەستەی گشتیی باجەکان لیستێکی وردی کۆمپانیا بیانییەکان، لقەکانیان، نووسینگەکان و بەڵێندەران بداتە وەزارەتی نەوت، ئەوانەی کە باجی دەرامەت یان بڕە پارەی زیادە یان پابەندبوونی باجیان لەسەر کەڵەکە بووە و نەیانداوە، بۆ ئەوەی لێیان وەربگیرێت.
هەروەها بڕیار درا بە پابەندکردنی ئەو زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگا ئەهلییانەی کە پاکتاوی باج دەیانگرێتەوە، بە دانەوەی بنەڕەتی ئەو باجەی کەوتووەتە ئەستۆیان سەبارەت بە باجی دەرامەت و بڕینی ڕاستەوخۆ، زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە ئەهلییەکانیش بە ڕێژەی (100%) لە پێبژاردن و بڕە پارە زیادەکان دەبەخشرێن ئەگەر بێتو بنەڕەتی باجە چەسپاوەکە بدەن و پاکتاوی باج لە ماوەی زۆرترین 4 مانگی کارکردندا لە ڕێکەوتی دەرچوونی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانەوە ئەنجام بدەن. هەروەها لێخۆشبوون بە ڕێژەی (50%) دەبێت بۆ ئەو دامەزراوە پەروەردەییە ئەهلییانەی کە بنەڕەتی باجەکە دەدەن و ڕێکارەکانی پاکتاوکردن لەو 4 مانگەدا تەواو دەکەن کە بەدوای ماوەی یەکەمدا دێت و هیچ باجدەرێک لەو لێخۆشبوونە سوودمەند نابێت ئەگەر ڕێکارەکانی پاکتاوی باج و پارەدان لە ماوە دیاریکراوەکاندا تەواو نەکات، پێبژاردن و ڕێکارە یاساییە کارپێکراوەکانی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت. هەروەها وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان دەگرێتەبەر بەرامبەر بەو زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگە ئەهلییانەی کە پابەند نین بە پاکتاوی باجەوە.
لە کەرتی وزەشدا، ئەنجومەن ڕێککەوتننامەی بنەما سەرەتاییەکانی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیای (ئیکسۆن مۆبیل)، لەگەڵ ئەو گرێبەست و ڕێککەوتنانەی لێیەوە سەرچاوە دەگرن، لە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (48ـی ساڵی 2018) بەدەر کرد، لەگەڵ بەردەوامبوونی وەزارەتی نەوت لە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی ناوبژیوانی کە لە بەردەم دادگای نێودەوڵەتیدایە بۆ زامنکردنی مافە داراییەکانی دەوڵەتی عێراق، ئەمەش بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە ڕێڕەوی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامە ناوبراوەکە.
هەر لە هەمان پرسدا، ڕاسپاردەی لیژنەی ناوەندی بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردنی سپاردن لە کۆمپانیای نەوتی بەسرە/ وەزارەتی نەوت، تایبەت بە هەردوو گرێبەستی (بەڕێوەبردنی کێڵگەییی گشتگیر و بەڕێوەبردنی ئەندازیاری و کڕین و دروستکردن) بە کۆمپانیای هالیبێرتۆن - لقی عێراق پەسەند کرا، بە ماوەی گرێبەستکردن بۆ (5 ساڵ + 3 ساڵ)ـی هەڵبژاردەیی، بەو مەرجەی پێدانی شایستەکان بەپێی ئەو کارە بێت کە بە کرداری ئەنجام دراوە.
هەروەها ئەنجومەن سپاردنی پڕۆژەی گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی حەمرینی بە کۆمپانیای (HKN Energy) پەسەند کرد، لەگەڵ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە نەوتییەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی، بەپێی ئەوەی لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە چەسپێندراوە.
لە پرسی ژینگەشدا، ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی بە وەزارەتی ژینگە دا، کە بە ڕەزامەندیی ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیاری بەدەرکردنی هەندێک دامەزراوە بکات لە ڕێنماییەکانی پێوەرە ژینگەییەکان بۆ دروستکردنی پڕۆژەکان و چاودێریکردنی سەلامەتیی جێبەجێکردنیان (ژمارە 3ـی ساڵی 2011)، ئەمەش بەپێی ئەو پێوەر و مەرجانەی وەزارەتەکە پشتیان پێ دەبەستێت.
لە پرسی تەندروستیشدا، ئەنجومەن دەنگی دا بە تەرخانکردنی بڕی (30) ملیار دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی بە مەبەستی تەمویلکردنی گرێبەستەکانی دەرمان.
هەروەها ڕەزامەندی درا لەسەر ئەوەی وەزارەتی پلاندانان پێکهاتەیەک (بڕگەیەک) لە ناو پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانەکاندا دابمەزرێنێت بۆ ئەو گرێبەستانەی لەلایەن ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە چەسپێندراون، لەگەڵ خەرجکردنی شایستە چەسپاوەکان لەو پارە زیادەیەی لە پڕۆژەی دروستکردنی (1000) قوتابخانەدا ماوەتەوە، ئەویش دوای بڕینی ڕێژەی 15% لە بڕە پارەکە، کە لە هەژمارێکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی دادەنرێت.
ئەنجومەن دەنگیشی دا بە پەسەندکردنی دەرکردنی پەیڕەوی ڕێگریکردن لە پێکدادانی دەریایی، کە لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە وردبینیی بۆ کراوە، ئەمەش پاڵپشت بە حوکمەکانی دەستوور و یاسای دەستەی باڵای دەریاییی عێراق (ژمارە 18ـی ساڵی 2019).
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق
29ی حوزەیرانی 2026
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.