Erbil 31°C سێشەممە 30 حوزەیران 01:57

هونەرمەند مەجید خۆشناو

کوردستان TV
100%

هونەرمەند مەجید خۆشناو

گەشتى ڤیۆلۆنێک لەبنارى سەفینەوە بەرەو شاخ و هونەرى بەرگرى...!

خۆش بەختانە لەناوەڕاستى سەدەى پێشوو، لەمەیدانى بەرگرى و لەڕێگەى شۆڕشى کوردستانەوە بەدەیان هونەرمەندى ژەنیار و گۆرانیبێژمان هەیە کە هەموو تەمەنى گەنج و لاوى و خۆشییەکانى ژیان یان بەخشى بە شۆڕش و هونەرى بەرگرى، لەوپێناوەدا تێکۆشان و مێژوویەکى پاک و باڵایان بۆ خۆیان تۆمارکرد.

هێدى هێدى هەوارەکەمان دەبەینەوە بنارى سەفین و لەشەقراوەى دڵڕفێن و ڕەنگین  پشوویەک دەدەین و کێوماڵێک دەکەین بە کەشکۆڵە هونەرییەکەى مامۆستا و هونەرمەندێکى ژەنیار و پێشمەرگە (مەجید خۆشناو) دا، هەگبەکەى لیپاولیپە لە تێکۆشان و خەبات لەپێناو دۆزى ڕەواى گەلەکەیی و هونەرى ئاواز و موزیک و سروود وگۆرانى نەتەوەکەى.

هەرچەندە پێشتر ناو و ناوبانگم بیستبوو، خۆشبەختانە ماوەى (20) ساڵ زیاترە هونەرمەند( مەجید خۆشناو) لەنزیکەوە ئاشنایەتیم  لەنزیکەوە لەگەڵیدا  پەیداکردووە و چەندین جار بەدیدارى شادبووم ، بەڵام مەبەستم بوو زیاتر بیدوێنم و لاپەرەکانى ژیانى دوێنێی شەقراوە و  شاخ و ژیانى شارى هەڵبدەینەوە،

 هونەرمەند و مامۆستا و نووسەر (مەجید خدر سەعید کامەلا) ناسراو  بە  (مەجید خۆشناو)،

ئەم کەسایەتیە لەخانەوادەیەکى زەحمەتکێش و کورد پەروەرى بنارى چیاى سەفین، لە گەڕەکى (تەم تەم)ى هاوینە هەوارى (شەقڵاوە) ى هەمیشە جوان لە ساڵى (1953) لەدایکبووە، خانەوادەکەی پێکهاتووە لە (3) برا و (6) خوشک ، یەکێک لەخوشکەکانى بەناوى (هێڤى) ئەویش لەبوارى هونەرى گۆرانیگوتن دا کارى هونەى دەکات .

مەجید خۆشناو بەشێکى ژیانى لە زێدەکەى بەسەربردووە و دواتر کەشکۆڵ و کەمانچەکەى هەڵگرتووە و کێو و دەشت و دۆڵى وڵاتەکەى بەبەرگى پیرۆزى پێشمەرگایەتیەوە  تەى کردووە و موزیکى ژەنیوە و لەپشت سروودەکانى  شۆڕشەوە بووە و  دواتر گەڕاوەتەوە هەولێرى پایتەخت و ئەمجارە ئەرکە پەروەردەییەکەیی و خامە و ڤیۆلۆنەکەى هاوتەریب کردووە و تا هێزو تواناى هەبووبێت بەڵێنى داوە لەخزمەتکردن بەنەتەوەکەى بەردەوام بێـت.

بەچەند پرسیارێک لەدەرگاى  ئەو یادەوەرییانەى هونەرمەند و پێشمەرگەو نووسەر (مەجید خۆشناو) مان دا و ئەویش دڵى نەشکاندین و زۆر بەلوتفەوە وەڵامى داینەوە .

پرسیار : بەدوو ناسناو  لەنێو هاوڕێیان و کۆڕى هونەردا ناسراون( مەجید خۆشناو ) و( مەجید هەڵۆ ) زیاتر حەز بەکامیان دەکەیت بانگ بکرێت و بناسرێیت؟

 مەجید خۆشناو:

دیارە هەردوو  ناسناوەکە بۆمن جێی شانازین، یەکەم لەبەرئەوەى خۆم لە شەقڵاوە  یان شەقراوە  بەدنیا هاتووم و ئەو شارۆچکە جوانە  وەک پێگەى جوگرافى  کەوتۆتە دەڤەرى  خۆشناوەتییەوە ، ئەوەم کردۆتە  پاشخانى ناوى خۆم زیاتر لەنێوەندى  هونەریدا بە (مەجید خۆشناو) بانگ دەکرێم ، بەڵام ( مەجید هەڵۆ)  ئەو ناسناوەش بۆ من هەمیشە جێی شانازیی و سەربەرزییە ، دروود و سڵاو بۆگیانى پاکى ( باوک  و دایکم) ڕۆحیان شاد بێت ، من لەقوتابخانە پاک و بێگەردە کوردایەتیەکەى ئەوان  پەروەردەو گەورە بووم ، باوکم وەک پێشمەرگەیەکى (کۆمارى کوردستان لەمەهاباد) بەشداربووە ، پاشان لەساڵى (1961) لەهەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوولەوە چەکى کردۆتەوە شان و پێشمەرگەى ئەو شۆڕشە بووە ، بابێمە سەر دایکى ڕەحمەتیم (فاتیمە حەمەدەمین گۆزێ) ، ئەویش ژنێکى ئازا و چاونەترس و بوێر بووە و هەمیشە لەخزمەتى پێشمەرگەى کوردستاندا بووە، لەبەر لێهاتوویی و چاونەترسى ناسناوى( فاتۆک هەڵۆ) یان پێ بەخشیوە ، واتە  ناسناوى دووەمم ( مەجید هەڵۆ) لەئازایەتى و کوردپەروەردى دایکمەوە پێ بڕاوە ، کەواتە من لەو ژینگەو  قوتابخانە  کوردایەتیە پەروەردەو گەورەبووم.

پرسیار : بۆ وەرزى خوێندنى ساڵى (1959 بۆ 1960) خراونەتە بەرخوێندن ، یەکەم قوتابخانەى سەرەتایی لەکوێ بوون؟ دواتر قۆناغەکانى خوێندنتان بەکوێ گەیشت؟

 مەجید خۆشناو:

یەکەم وێستگەى خوێندنم بۆ پەروەردەو فێرکردنم ، قوتابخانەى (ڕزگاری) سەرەتایی بوو، دوای ئەوە لەپۆلی پێنجەمی سەرەتاییەوە چوومە قوتابخانەی (کاوێسی) سەرەتایی ، واتە قۆناغى سەرەتایم لە (کاوێس) تەواو کرد ، لە ساڵی (1966) لەدواناوەندی شەقڵاوەی کوڕان  وەرگیرام تاساڵی (1970) پۆلى سێیەمى ناوەندیم هەر لەوێ تەواو کرد.

پاشان ساڵی (1970) دوای بەیانی ١١ی ئادار لەپەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا بەشی موزیک لەسەر ئامێری چەلۆ (ڤیۆلۆنسێل) وەرگیرام ، لە (1975 بۆ 1976) بڕوانامەی دبلۆمم پێ بەخشرا.

پرسیار : هەستى هونەریی لەچ قۆناغێک لەناختدا چرۆى کرد ؟ ئایا ژینگەى شەقڵاوە بوو ، یان ژینگەى خانەوادە ؟ یان مامۆستاى هونەر ئەو بەهرەیەى لەبەڕێزتاندا دۆزییەوە؟

مەجید خۆشناو :

بەهرەى هونەریی لەمناڵیەوە بوو، چونکە دەتوانم بڵێم ژینگەى زێدەکەم و خانەوادەکەم و مامۆستایانى  قوتابخانەکەم کاریگەریان هەبووە لەسەرم ، کاتێک قوتابى پۆلى دووى سەرەتایی بووم، مامۆستای ڕەوانشاد ( واحید مەرجان 1942_9/2/2016 هەولێر)  بە ئامێری کەمانەکەی یەکەم ئاواز و سروودى بەگوێمان دا چرپاند، کەگوێم لە ژەنینی کەمانچەو ئاوازەکانی (بەهار بولبول ئەخوێنێ  و دایە دایکی شیرینم )بوو، ئەو بەهرەیە لای من زیاتر ڕەسکا و هونەر بەڕۆحم ئاشنا بوو.

لە پۆلى پێنجەمى سەرەتاییدا لە قوتابخانەی کاوێس هاتنی مامۆستا ( فەرەیدوون دارتاش  1943 سلێمانى) ئەویش کاریگەرى لەسەر هەستم دانا و ژەنینی ئامێری  کەمان و وتنەوەی سروودەکانی ئەو بەهرەیە زیاتر لای من گەشەی کرد ،تەمەن درێژی بۆ مامۆستای بەڕێز( فەرەیدون دارتاش) دەخوازم .

هونەرمەند و مامۆستا ( فەرەیدون دارتاش)  پێی ڕاگەیاندم (من لەساڵى ( 1963 تا 1965) مامۆستاى هونەربووم لەشەقڵاوە، بۆیەکەم جار لەوشارەدا سروودە نیشتمانییە کوردییەکانى ئەو سەردەمەم دەوتەوە بە بەرپرسیارێتى خۆم چونکە لەپرۆگرامى خوێنددانەبوو، لەپۆلەکاندا ئەو خوێندکارەى توانا و بەهرەیەکى تێدا بوو جیام دەکردنەوە، لەکۆى پۆلەکاندا تیپێکى سروودم بۆ قوتابخانەکە دروست کرد،هەموو بەیانییەک پێش وانە خوێندن سروودەکانییان لەڕیزدا دەوتەوە، ئەو سروودانە کەبۆیەکەم جار بیسترابوون هەستێکى نەتەوەیی و خۆشەویستى بۆ نیشتمان زیاتر لەنێو خوێندکارەکاندا دروست دەکرد)(1).

پرسیار: لەقۆناغى سەرەتایی و ناوەندى بەشدارى هیچ چالاکییەکى هونەریی لەشەقڵاوە یان لەقوتابخانە دا کردووە ، ئایا نواندن، گۆرانى یان ژەنینى ئامێرى موزیک ؟

مەجید خۆشناو :

بەڵێ لەقۆناغی سەرەتایی وەک کۆرسی قوتابخانە و زۆر جاریش بە تەنیا سروودو  گۆرانیم ئەوت کۆرسیش بەدوایدا ئەوتمەوە بەتایبەتی سروودەکانی ئەو سەردەمە کە زۆر باو بوون و لەڕێی ئەو دوو مامۆستا ئازیزەى ناوم هێنان پێیان ئاشنابووین.

پرسیار : بۆ فێربوون و خۆشەویستیتان بۆ ئامێرى (کەمان _ ڤیۆلۆن) دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و هیمەتى هەردوو هونەرمەند و مامۆستا (واحید مەرجان  و فەرەیدوون دارتاش) ؟

مەجید خۆشناو : بێگومان  بەڵێ لەڕێی ئەو دوو مامۆستا ئازیزەوە بەموزیک  و ئامێرى موزیک شاد بووین و پێیان ناساندین ، جیا لەوتنەوەى وانەى هونەر ، بەڵکو هەردوو مامۆستا هونەر و موزیک و ئامێرى  موزیکیان لەلا خۆشەویست کردین و ڕێنیشاندەرمان بوون کە بەردەوام بین لەسەر ئەو ڕێگایە .

پرسیار : تیپى مۆسیقا و شانۆى سەفین ساڵى (1968) لە شەقڵاوە دامەزراوە، لەسەرەتاى دامەزراندنى ئەو تیپەوە مۆسیقیەوە بەڕێزتان وەک ژەنیار بوونەتە ئەندام لەتیپى ناوبراو ؟

مەجید خۆشناو :

ئەو کاتەی تیپى مۆسیقا و شانۆى سەفین دامەزرا ، کەسانێک هەبوون کە ڕۆڵی سەرەکیان هەبوو یەکێک لەو  کەسایەتیانە ڕەوانشاد (حەمید سەعید قەساب) کە خاڵی شوکریە خان خێزانی یەکەمی مامۆستا فەرەیدوون دارتاش  بوو لەسەر دەستی مامۆستا فەرەیدوون  فێری ئامێری کەمان و عوود بوو، مام حەمید ئاوازی خۆشیشی هەبوو، لەگەڵ  باوکم پێشمەرگە بوو لەسەر هەڵوێستی کوردایەتی لە کۆتایی  مفاوەزاتى ساڵی (1974) گیراو زیندانی کرا دواى ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆر ئازادکرا،  دوای ئازاد کردنیشی  دووبارە پەیوەندی کردەوە بەشاخ  و بووە بە پێشمەرگە بەداخەوە زۆری نەبرد پێش نسکۆی شۆڕش (1975) گیانی سپاردووە وەلە دەربەندی ڕایات  تەرمەکەى بەخاک سپێردرا، ئەوەی جوان  و سەرنج ڕاکێش بوو لەو کەسایەتیەدا بەردەوام بەسەر و مشکی و  جامانەو جلی کوردی یەوە کەلەهەموو مان بەتەمەنتر بوو دەتوانم بڵێم  لەتەمەنی باوکم دا بوو  لەگەڵ ئێمە ئامێری ئەژەنی ڕۆڵی هەبوو لەدروستبوونی تیپى مۆسیقاى سەفین.

کەسایەتی دووەم مامۆستا (عەبدولڵا حەسەن خۆشناو 1943 شەقڵاوە)  بەشی کوردی زانکۆی ئادابی بەغدای تەواو کردبوو ژەنیاری ئامێری کەمان بوو، هەموومان لەسەر دەستی ئەو دوو زاتە گەورەیە،ئەگەر چی بەزانستی و نۆتە نەبوو بەڵام قەرزاری ئەوانەین ، ڕۆحی مامۆستا عەبدوڵڵا شاد بێت ئەویش لە ژیان نەماوە،  بیرم دێ جارێ لە جاران مامۆستایەکی عەرەب بەناوی( سەعید شابۆ 1910_1995) هات بۆ شەقڵاوە، ئێمە هەواڵی ئەوەمان پێگەیشت ، کاک فاروق ساڵح کۆیی ژەنیارى ئامێرى کەمان بوو  لەبەرئەوەى ئەو زمانى عەرەبى باشتر دەزانى بۆ هەفتەیەک چوو بۆ لای ئەو مامۆستا و هونەرمەندە موزیکژەنە.

دوای وەرگرتنی هەندێ زانیاری دەربارەى نۆتە ، ئەویش وانە و زانیارییەکانى  بەئێمەش ئەدایەوە ،کاک فارووق ئێستاش وەک ئارەزوومەندێک مایەوە دوای تیپى مۆسیقاى سەفین بەتەنیا لەماڵەوە بۆ خۆی سەرقاڵى ژەنینى ئامێرەکەى بوو.

دوای چوونم بۆ بەغدا ناوبانگی ئەو مامۆستایە (سەعید شابۆ) م بۆدەرکەوت کە موزیسیان و ئاواز دانەرێکى بەناوبانگەو چەندین ئاوازو سروودی هەیە. 

بۆزانیارى زیاترى خوێنەران ، هونەرمەندانی تیپی مۆسیقا و شانۆی سەفین لە سەرەتای دامەزراندنیانەوە بە تایبەت هونەرمەندانی مۆسیقا لەم خەمخۆرو دڵسۆزانەى موزیک و ئاواز و گۆرانى  پێکهاتبوون بریتی بوون لە(مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن قادر، سەرۆکی تیپ بووە و ئامێری کەمانچەى ژەنیوە)، (حەمید قەساب ژەنیاری ئامێری کەمانچە و ئاوازدانەر)، فاروق ساڵح کۆیی، ڕەنجبەر خۆشناو، سابیر سابیر، بێجان بابەجان (ئەم هونەرمەندانە ئامێری کەمانچەیان ژەنیوە)، (ڕزگار خۆشناو - ئامێری عوود)، (محەمەد شێخ محەمەد - ئامێری ئیقاع)، (ئەندراوس - ئامێری ئۆکۆردیۆن)، (ئەمین سەرسپی - ئامێری نای)، (نەجات جەرجیس - ئامێری کلارنێت)، (ئازاد مەجید عومەر - ئامێری ڤایۆلین)، (مەجید حاجی خدر( مەجید خۆشناو)  - ئامێری چەلۆ)، (ڕەمزی مەهدی حەسەن، سروود و گۆرانیبێژ و کۆرس)، (جەعفەر حەسەن، گۆرانیبێژی میللی تیپ) (2).

پرسیار: هونەرمەندان  ڕزگارخۆشناو  و ڕەنجبەر خۆشناو  پێش بەڕێزتان  لەتیپى مۆسیقاى سەفین دا بوون یان بەڕێزتان  پێش ئەوان ئەندام بوون؟

مەجید خۆشناو : هەر لەسەرەتای دروست بوونی تیپى مۆسیقاى سەفین  خۆم و هونەرمەندان کاک ( ڕزگار و ڕەنجبەر خۆشناو ) ى ئازیز پێکەوە بووین، هەموومان لەیەک زێد کە شەقڵاوەیە و هەروەها لەیەک گەڕەک بووین.

پرسیار : تاساڵى چەند لەتیپى مۆسیقاى سەفین  بەردەوام بوون  لەکارى هونەریی ؟ لەوماوەیەدا چالاکى هونەریتان لەشەقڵاوە و دەوروبەرى ئەنجام داوە ؟ لەکوێ و چالاکییە هونەرییەکان چى بوون؟

مەجید خۆشناو :

ساڵی (1968)  ساڵی دامەزراندنی ئەو تیپە بوو، بەڵام دوای بەیانی( ١١ی ئادارى 1970)  هەلی جوانتر ڕەخسا بۆ تیپى مۆسیقاى سەفین تا بەئازادی کاربکات ، لە ژەنینی دەیان سروودی نیشتیمانی  بۆ پێشمەرگەو شۆڕش چونکە هیچ سانسۆرێک لەسەرنەمابوو ، ئەگەر چی کاتی دەوامی ئێمە لەبەغدا چالاکیەکان سست بوون . بەڵام لە پشووی هاوین  پرۆڤەو بەشداریمان ئەکرد لە ئاهەنگەکانی شۆڕش لە ناوپردان، هەریر، هیران، گەڵاڵە، عەوێنە، بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی ئاهەنگ و چالاکی هونەریمان ئەنجام داوە، ئەتوانم بڵێم تەمەنی تیپى مۆسیقاى سەفین لە ساڵی( ١٩٦٨ تا ساڵی ١٩٧٤)بەردەوامى هەبوو.

پرسیار : بەرلەوەى بچنە قۆناغى پەیمانگاى هونەرە جوانەکان لەبەغدا، بەڕێزتان ئاشنابوون بە ئامێرى موزیک، بۆیەکەم جار کەى بوو ئامێرى ڤیۆلۆنتان لەئامێز گرت ؟ بۆ ئەو ئامێرەتان هەڵبژارد؟

مەجید خۆشناو :

بۆیەکەم جار ساڵی (1968)  بوو ئامێری ڤیۆلین(کەمانم) لە ئامێز گرت، ئاى چەند خۆش بوو هەستێکى زۆر سەیربوو ؟!.

پرسیار : لەو ماوەیەى لەپەیمانگا بوویت لەبەغدا ، دەکرێت ناوى هەندێک لەو هاوڕێ خوێندکارانەت  ناو بهێنیت پێکەوە لەبەشى موزیک دەتان خوێند ؟

مەجید خۆشناو:  بەڕاستى ساڵانێکى خۆش بوو  هاوڕێیەتی خۆشەویستانەم  لەگەڵ زۆر لە هونەرمەندان لەشارەکانى کوردستان پەیداکرد وەک:  مامۆستا ڕەنجبەر خۆشناو ، جیالەوەى لەپەیمانگا پێکەوە بووین  هاوڕێی منداڵى و هاوڕێی قۆناغەکانى تەمەنیش بووین پێکەوە، جەودەت هاشم، ڕەوانشاد شاکر کەریم دواتر بوو بەدەرهێنەر، بۆزانیارى گۆرانی (دوورم لە یاران) ئاوازو هۆنراوەی کاک (ڕزگار خۆشناو) بەدەنگى هونەرمەندى ڕەوانشاد ( قادر زیرەک1954_17/7/1981 ) خوێندرا، (شاکر کەریم) لە  باخچەى زەورا کارى دەرهێنانی بۆ ئەو گۆرانییە کرد، لە شارى سلێمانی  بەرێزان ( جەنان قوستەنتین و نەبیل نووری مەتى و مەلا ئەنوەر بەداخەوە ناوى باوکیم لەیادنەماوە، مەلائەنوەر ژەنیارێکى بەتوانا و لێهاتووى ئامێرى کەمان بوو ،  بەداخەوە  ئەو دەست و پەنجە جوانە دواى تەواو کردنى پەیمانگا کەوتە ژێر کاریگەری ئایینەوە و وازی لە دنیا جوانەکەى موزیک هێنا،  هەروەها هونەرمەندى ئازیز ڕەوانشاد (محەمەد عەباس بەهرام 1952کەرکووک _ 15/5/2025 ئەردەن) ئەویش لەمۆسیقا بوو  بەڵام ئەو (پیانۆ) ى دەخوێند،   دوای ئەوەش هونەرمەندان دڵشاد سەعید دهۆکی و بەدرخان تەها برای هونەرمەند تەحسین تەها بوون.

پرسیار:

لەو ماوەیەى لەپەیمانگا بوویت ، بۆیەکەم جار کەى چوویتە ئیستگەى کوردى بەغدا ؟ ماوەى چەند ساڵ لەڕادیۆ خزمەتتان کرد و لەپشتى کام لەهونەرمەندانەوە موزیکتان ژەنیوە؟

مەجید خۆشناو:

ساڵی (1973) دوای نیوەی ساڵ بوو، لە بەشی کوردی ڕادیۆی بەغدا وەک ژەنیاری چەلۆ (ڤیۆلۆ نسێل) وەرگیرام ئەوکاتە ئێزگەی بەغدا کۆرسی تایبەت بە خۆی هەبوو، ئەو هونەرمەندانەی  کاری ژەنینى موزیکم  بۆ کردن  ئەو کاتەهەندێکیان لە بەغدا بوون، لەوانە (گوڵبەهار 1933_23/2/2010)، (نەسرین شێروان 1922_10/10/1990)، ( عیسا بەرواری 1933_19/7/2002) ،( جەلال کۆچەر1943_3/3/1993)، (خەلیل موراد وەندی1947_26/11/2025) گیانى هەموویان شادبێت چونکە لەژیاندا نەماون، ئەوەی لە هەولێرو شارەکانی تری کوردستان دەهاتن لەوانە ڕەوانشاد( فوئاد ئەحمەد 1932_17/8/2004)، (ڕەسوڵ گەردی1922_17/10/1994)، مامۆستا (تاهیر توفیق 1922_20/10/1987)،( تەحسین تەها1941_28/5/1995) ، کەتا ئێستا بیرم دێت گۆرانی (بێریڤان)  کە ڕەوانشاد (نازم عەلایلی) سۆڵۆکەی بە ئامێری نەی بۆی ژەنی  ئێستاش گۆرانیەکە هەمان تۆماری ئەو کاتەیە چرکە ساتەکانم بیر دێتەوە، بەرنامەی تەلەفزیۆنی بۆ تەلەفزیۆنی ڕەش و سپی کەرکوک هەبوو، یەکێک لە بەرنامەکان بەناوی ئارەزوو مەندان کە کاک (ناسر حەسەن) دەرهێنەری بوو لەو بەرنامەیەدا خۆم گۆرانیم خوێند ، واتە تا ئەو کاتەى پەیمانگاى هونەرەجوانەکانى بەغدام تەواو کردو گەڕامەوە کوردستان  من دەچوومە ڕادیۆى کورى بەغدا.

پرسیار : میهرەجانى یەکەمى هونەریی کوردى لەبەغدا له‌ڕێكه‌وتی (25/2 تا 2/3/1974 ) له‌ هۆڵی(خولد) له ‌شاری به‌غداسازدەکرێـت،زۆربەى تیپە مۆسیقیەکانى کوردستان بەشدارن، ئایا بەڕێزتان  بەشدارى ئەو میهرەجانە بوون؟ لەگەڵ کام تیپى مۆسیقا ؟

مەجید خۆشناو :

بەڵێ بەشدار بووین لە میهرەجانى موزیک و گۆرانی ساڵى (1974)  کە لەهۆڵی خولد لە بەغدا ئەنجام درا، کاکە ئێمە تیپێکی پڕۆفیشناڵمان نەبووین..!  بەڵام من و کاک ڕەنجبەر و کاک ڕزگار خۆشناو ژەنیاری سەرەکی بووین ڕۆژانە بەیەکەوە بووین، بەڵام تیپێکی مۆسیقامان دامەزراند بە ناوی (تیپی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لقی بەغدا)، ژەنیاری ترمان هەبوو لەخۆمان نزیک بوو، ئیتر ژەنیاری ڕیتم با دەمان هێنا بۆ ئەم جۆرە  ئاهەنگ و  بۆنانە ، هونەرمەند خەلیل وەندى بە گۆرا نی بەشدار بوو ، یەکێک لە گۆرانیەکان گۆرانی(تخوا فاتم دە واز بێنە بوو)،

بۆ  زانین ئێمە لە ئاهەنگەکانی بەغدا هۆڵی موستەنسەریە و یانەی سەلاحەدین و سیروان کەتایبەت بوو بەو کوردانەى لەبەغدا دەژیان، بەڕێز (جەمال بابان 1927_8/9/2023 سلێمانى) لێپرسراوی یانەکە بوو، ئاهەنگى خێزانی هەفتانە و مانگانەمان ئەگێڕا جگە لە نەورۆزی ساڵانە کە لە( سەدری قەنات) یان (سەلمان پاک) ئەنجام دەدرا.

پرسیار:

ساڵى چەند پەیمانگاتان تەواو کرد؟ کە دەرچوویت ڕاستەوخۆ دامەزرایت بە(مامۆستاى هونەر) وەلەکوێ ئەو ئەرکە پەروەردە هونەرییەت بەئەنجام دەگەیاند ؟

مەجید خۆشناو :

ساڵی (1975) ساڵی تەواو کردنی پەیمانگام بوو ، دواى (5) ساڵ خوێندن  بە پلەی نایاب  بروانامەم بەدەستهێنا،  دواى چەند مانگێک داوا کرام بۆ سەربازی، ماوەى  دوو ساڵ و مانگێک لە سلێمانی و ماوەت و  عەربەت و هەڵەبجە سەرباز بووم ، دواتر لە  ساڵی ١٩٧٩_١٩٨٠  يەکەم دامەزراندنم وەک مامۆستا لە قوتابخانەی (کاوێس) بوو،واتە ئەو قوتابخانەى کە خۆم قوتابى بووم ئێستا وەک مامۆستا گەڕامەوە ئەو شوێنە پیرۆزە ،  مامۆستای گەڕۆک بووم لەچوار خوێندنگا(قوتابخانە)  بەناوەکانی (سۆرک ، خۆشناو ،سافی و کاوێس)   لەهەر یەکێک لەو قوتابخانانە دوو وانەی سروودم هەبوو کە بە قوتابیان بڵێمەوە.

پرسیار : دواى میهرەجانى یەکەمى هونەریی کوردى لەبەغدا بارودۆخى سیاسى  تێکدەچێت  و هونەرمەندانى کورد دەچنە شاخ و دەبنە پێشمەرگە، بەڕێزتان چى تان کرد چوونە شاخ ؟

مەجید خۆشناو: بەڵێ من و کاک ڕەنجبەر خۆشناو و زۆر لەهونەرمەندانى دیکە بەپەلە گەڕاینەوە کوردستان ، من و کاکە ڕەنجبەر پێکەوە بڕیارماندا بڕۆین ببین بەپێشمەرگە ، من تا گوندى ( ئاعقوبان) یش ڕۆیشتم  پاشان من گەڕامەوە و کاکە ڕەنجبەر  ڕۆیشت و لەناو تیپى مۆسیقاى شۆڕش درێژەى بەکارى هونەریی و پێشمەرگایەتی دا، منیش لەبەر بارودۆخى خانەوادەیی و هەروەها بڕیارمدا کە خوێندنەکەم تەواو بکەم .

پرسیار : دواى نسکۆ (1975) بڕوانامەى پەیمانگا وەردەگریت و پاشان دەبیتە سەرباز، دەکرێت بزانین لەو نێوەندەدا کارو چالاکییە هونەرییەکانت چى بوون؟

مەجید خۆشناو :

تائاستێک سستی لە کاری هونەریمدا هەبوو، ئەویش  بەهۆی سەربازی  و  ماوەیەک لەماڵەوە ، هەرلەو سەردەمەدا لەتیپی هونەری هەولێرەوە  پەیوەندیان پێوە کردم تا لەو تیپە مۆسیقیە وەک ژەنیار ببمە ئەندام  ، بەڵام لەبەرئەوەى ماڵمان لەشەقڵاوە بوو ئاستەنگ بوو هاتووچۆکردن لەو کاتەداو هەروەها بارى بژێوى ژیان ڕێگەى نەدەدا بۆمن ، دەنا ئەوەش بۆ من مێژوویەکى پرشنگدار دەبوو لەناو کایەى هونەریمدا کە ئەندامى تیپى هونەرى هەولێریش بوومایە .

پرسیار : لەساڵى (1981) دەبنە پێشمەرگە ، لەسەرەتاى چوونتان بۆ شاخ و پێشمەرگایەتى ڕاستەوخۆ بوون بەئەندام لە(تیپى مۆسیقاى شەهید کارزان) ، چونکە تیپى ناوبراو بەهەوڵ و تێکۆشانى هونەرمەند ( ئاراس ئیبراهیم 1960 سلێمانى ) هەرلەوساڵەدا دامەزرا؟

مەجید خۆشناو :

پێش ئەوەى پەیوەندى بکەم بەشاخ و ببمە پێشمەرگە ، هاوڕێیەتى و دۆستایەتیم لەگەڵ هونەرمەند و پێشمەرگە ڕەوانشاد ( حەمە جەزا 1949_1/10/2010) دا زۆر خۆش بوو، ئەو کاتە مامۆستاى قوتابخانەى کاوێس و قوتابخانەکانى دیکەى شەقڵاوە بووم ، زۆر جار کاک حەمە جەزا بە خێزانەوە لەگەڵ کاک ڕزگار خۆشناو لاى ئێمە دەمانەوە،ئەوەبوو  کاک حەمە جەزا ڕۆیشت و بوو بەپێشمەرگە لە ساڵى (1981) نامەى  بۆناردم و منیش ڕێگاى خەباتم گرتە بەر و ڕۆیشتم بووم بەپێشمەرگە هەرچەندە چیرۆکێکى دوورو درێژە، هونەرمەند و پێشمەرگە ( ئاراس ئیبراهیم) زۆر پێش من لەشاخ بوو ، تیپى مۆسیقاى شەهید کارزان دامەزرابوو ،  هەروەها هونەرمەندێکى بەتوانا و لێهاتوبوو، لەگەڵ دامەزراندنی تیپی شەهید کارزان بووم بە ئەندام لەو

تیپە و  لەکارو چالاکیەکان کاک ئاراس ڕێکى دەخست ، زۆربەى ئاوازەکان هی ئەو بوون، لەهۆنراوەکانی هەڤاڵ کوێستانی و بێکەسی شاعیرو شێرکۆ بێکەس و هێمن و حەمە جەزاو  خۆی .

پرسیار : مەجید خۆشناو پسپۆریەکەتان لەئامێرى (چەلۆ)  و بڕوانامەت بەدەستهێناوە ،بەڵام لەگەڵ تیپى مۆسیقاى شەهید کارزان ژەنیارى  ئامێرى( ڤیۆلۆن ) یت ، ئایا شارەزایتان هەیە لەژەنینى هەردوو ئامێرە ژێدارەکە ؟ لەڕووى زانستى موزیک  و نۆتەوە هەردوو ئامێر لەیەکەوە نزیکن؟

مەجید خۆشناو : بەڵێ بڕوانامەکەم لە ئامێری چەلۆ(ڤیۆلێنسێل) دا بەدەستهێناوە، بەهۆى خۆشەویستیم بۆ ئامێرى ڤیۆلۆن  و حەزم دەکرد  هەمەیشە ئەو ئامێرە بژەنم  لەناو تیپە موزیکیەکان لەشاخ  زیاتر ئامێرى کەمانم ژەنیوە ،بەڵام ماوەیەکی زۆرە ئامێرى چەلۆ ناژەنم ، لەئێستادائامێری سەرەکیم بۆتە کەمان(ڤیۆلۆن) ئامێرە ژێدەرەکان تا ئاستێک لێک نزیکن.

پرسیار : ماوەى چەند کارو تێکۆشانت لەگەڵ تیپى مۆسیقاى شەهید کارزان ئەنجامدا ؟ دەکرێت ئاماژە بەو ئاهەنگ و چالاکییە هونەرییانە بدەن لەگەڵ تیپى مۆسیقاى شەهید کارزان ئەنجامتان دا لەکوێ ؟

مەجید خۆشناو :

بەڵێ ئەو ماوەی لەو تیپە بووم پڕۆڤەی ڕۆژانەمان لەسەر سروودەکانی (ڕێێ خەبات، ئەی کوردینە، هەرمێ ، هۆ کاکی پێشمەرگە، سروودی ئەنتەرناسیۆنال واتەسروودی نێونەتەوەیی، سروودی ئەگەر گوڵ بای ) بەدەنگی هونەرمەندانى شاخ (حەمە جەزا، شوان کەریم کابان ، لالۆ ڕەنجدەر،  عەبدولقادر حەسەن و ئازاد خانەقینی)، جگە لەبوونی کۆرس کە دانا عەسکەر یەکێک بوو لە کۆرسەکان ئەوانی ترم بیر نەماون بەداوای لێبوردنەوە، لەهەندێ سروود هەموو  گۆرانی بێژەکان بەیەکەوە بوون ، وەک سروودی (ڕێی خەبات) ئەو ماوەیەی لەوێ بووم، ئەوانە چالاکی پرۆڤەی ئێمە بوو  لەکۆمەڵێک  یادو بۆنەو ئاهەنگ دا بەشداریم کردووە  وەک  لە خڕی نێوزەنگ و زەڵێ، لەیادی دامەزراندنی کۆمەڵە10/6 ، ئاهەنگی 1ی ئایار جەژنی کرێکارانی جیهان و یادی شەهید ئارام و زۆر چالاکی تر کە بیرم نەماوە.

پرسیار: دواتر وەک ژەنیارى ڤیۆلۆن  لەناو ڕیزەکانى کۆڕى بانگەوازى کۆمەڵە دا وەک پێشمەرگەو هونەرمەندێکى موزیسیان کارى هونەرى ئەنجام دەدەن؟

مەجید خۆشناو:

بەڵێ ماوەیەک لەگەڵ گرووپى کۆڕى بانگەوازى کۆمەڵە کارى هونەریم ئەنجام دا و سەردەمێکى زێرین بوو، بیرم دێ سروودی(سڵاوی گەرمی  پێشمەرگەمان)بۆ ڕەوانشاد خاتوو (مەرزیەى فەریقى 1958_ 18/9/2005 سوید)  تومار کرد، ئەوکاتە موزیکەکەی جیاواز بوو لەگەڵ ئەوەی ئێستا تومار کرا، هەروەها گۆرانی (کوردستان خۆشە خاکی دڵ گیرە) بۆ کاڵێ ی هونەرمەند، گۆرانیەکی فۆلکلۆری خۆشی ناوچەی سنەیە، زۆر لەو ئاهەنگانە کەسازمان ئەکردن بۆ پێشمەرگەکانی کۆمەڵە  ئەو گۆرانیەو ژمارەیەک لەو گۆرانیانە گونجاو بوون لە گەڵ  ڕیتم و جۆرەکانی شایی و هەڵپەڕکێى  گەڕیانى سنەیی، ئەو هونەرمەندانەی کەلەو ماوەیەدا ئاشنا بووم لەگەڵیاندا جگە لە ناسرى ڕەزازى  و نەجمەدینى غوڵامى و مەرزیەى فەریقى و کاڵێ و لەیلا فەریقی کە ناوبانگی نەبوو لەوکاتە، هەروەها ئەم ژەنیارە  خۆشەویستانە  پێکەوە کارمان دەکرد وەک :

١_شەهید ئەمیری وەیسی ئامێری فلوت...

٢_ فەریبورزى فەخارى  ئامێری کلارنێت.

٣_ سابیرى  محەمەدى ژەنیاری ئۆکۆردیۆن .

٤_کاوەى شێخولئیسلام ، ئەوکاتە  منداڵ بوو  ئۆکۆردیۆنی ئەژەنی  کوڕی چاوەی شاعیر( فاتیح  شێخولئیسلام) بوو.

خەڵکانێکى زۆر جوانم ناسین کەهەرگیز لە یاد ناکرێن.

کاک عەبدوللا موهتەدی و شەهید جەعفەری شەفیعی و سدیقی کەمانگەر و زۆرانی تر، لەبێژوێى ئالانى سەردەشت بە خزمەت  ڕەوانشاد مامۆستا ( شێخ عیزەدینى حوسەینی  5/5/ 1922 بانە  _ 10/2/2011 ئۆپسالا _سوید) گەیشتم، ئەوەش ڕۆژگارێکى  خۆشى ژیانمە هەرچەندە لەبارى هونەرییەوە  هەژاربووین  لەڕووى ئامێرى موزیک و ئامێرى تۆمارکردن و ستۆدیۆوە، چونکە خۆشەویستى  و دڵسۆزیی هەبوو  بۆ شۆڕش و هونەر ، خۆنەویستانە تێدەکۆشاین و خزمەتمان دەکرد.

پرسیار : دواتر  تیپێکى هونەرى بەرگرى گەڕۆک بەناوى تیپى هونەرى چەوساوەکان دامەزرا؟ ئایا بەڕێزتان لەدامەزرێنەرانى تیپى چەوساوەکان بوون؟

مەجید خۆشناو  :  دوای ئەوەی بەڕێزەوە لەناو  کۆمەڵە بەڕێیان کردم کە ئێستاکەش خۆم بە پێشمەرگەی ئەوان ئەزانم، گەڕامەوە ناوچەی بالیسان و خۆشناوەتی و  شوێنێکیان  بۆئامادەکردین  خانوویەک بوو  لە گوندى کانی بەرد،  ئەو کاتە لێپرسراوی مەڵبەند رەوانشاد دکتۆر کەمال خۆشناو بوو . پیاوێکی جوان  بوو لە شەقڵاوەش، جیران بووین هاموشۆی یەکترمان هه بوو  ، خۆم و لالۆ ڕەنجدەر  وشیار ئەسوەد چوینە لای داوای لێمان  کرد، ئەو خەڵکانە کۆبکەنەوە کەتوانای ژەنین و چڕینى گۆرانی و سروودیان هەیە،  لەکاتى مفاوەزات  چەند هونەرمەندێکى دیکە هاتن پەیوەندیان  پێوەکردین ، لە نێویاندا  کاک قەنبەر ژەنیاری کەمان بوو،عەلی عەزیز گۆرانی بێژو ژەنیاری ئامێری سەکسیفۆن بوو ، کاک مونیر کەرکوکی  ژەنیاری ئۆکۆردیۆن بوو،  ئەو تیپە چەند ئاهەنگێکمان لە بالیسان و خەتێ سازکرد، لەوانە ئاهەنگی نەورۆزی ساڵی (1983) بوو  بەئامادە بوونی  هونەرمەند( حەمە جەزا)  ئاهەنگی ئایار جەژنی کرێکارانی جیهان لە گوندى خەتێ ، من  بۆ خۆم سەرپەرشتیاری تیپەکە بووم، ئەوکاتە بوو کە لالۆ ڕەنجدەر وتی:  ناوی ئەنێین تیپی چەوساوەکان ، لەگەڵ  داوای لێبوردنم کۆرسی تایبەتیمان هەبوو، بەڵام ناویان بیر چۆتەوە وەلە چالاکیەکانمان بەشداری ئاهەنگی جەماوەری سورداش بوو بەئامادە بوونی ڕەوانشاد (تاهیری خەلیلی 1956 بۆکان _ 26/11/2023 سلێمانى ) .

جگە لەوەش بەشداریکردنمان  لەچلەی دەیان پێشمەرگەی شەهید کردووە ، هەموو ئەو چالاکیانەمان لە بالیسان و دۆڵى خۆشناوەتی بوو.

پرسیار : ماوەى چەند ساڵ  پێشمەرگە بوون ؟ کەى گەڕانەوە بۆشار واتە ساڵى چەند؟

مەجید خۆشناو : تاکۆتاییەکانی ساڵی (1986)  ئەوکاتە بوو ڕژێمی بەعس شارو شارۆچکەو دێهاتەکانى وێران ئەکرد و دارو بەردی ئەم خاکەی ئەسووتاند،  منیش گەڕامەوە بۆ شەقڵاوە بەبێ ئەوەى خۆم ڕادەستى ڕژێم بکەم ، نزیک ماڵمان لە شەقڵاوە ناو باخچەکان، زەندۆڵ  و چڕی دارستان و کەنداڵ و هەزار بە هەزار بوو ، بەڕۆژ خۆم تیادا حەشار ئەدا  درەنگانی شەو کەتووشی نە ئەما دەهاتمەوە ماڵ و  بەیانیەکەی زووبۆی دەرئەچووم کتێبێکم  لەگەڵ خۆمدا ئەبرد بۆ خوێندنەوە و کاتەکەم لێ بڕوات ئەوە کارى ڕۆژانەى من بوو، بەوشێوەیە  مامەوە لە شەقڵاوە  تا ساڵی( ١٩٩٠ _١٩٩١) ژیانی خێزانیم پێک هێنا.

پرسیار :  دواى ڕاپەڕینى بەهارى (1991) گەڕایتەوە بۆ سەرکارى وەزیفى؟ لەکوێ دەست بەکاربوونەوە؟

مەجید خۆشناو : بەرلەوەى وەڵامى پرسیارەکە بدەمەوە ، لەدواى ڕاپەڕینى ساڵى (1991) بووم بەلێپرسراوى ڕێکخراوى هونەرمەندانى کوردستان  لەشەقڵاوە ، لەگەڵ ئەو بەرپرسیارێتیەدا دوای ڕاپەڕین گەڕامەوە سەر کاری وەزیفی و بوومەوە بەمامۆستا.

پرسیار : هیچ کات لەبەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکانى هەولێر کارتان کردووە ؟ ماوەى چەند لەوێ بوون ؟

مەجید خۆشناو:  ساڵى( ١٩٩٧ تا ٢٠٠٤ ) لە خاچی سوور کارم کرد. خۆم لە وەزیفە گواستەوە بۆ شارى هەولێر بۆ بەڕێوەبەرایەتی چالاکی قوتابخانەکان،  لە ساڵی داهاتوو کردم بە مۆڵەتى بێ مووچە تا ساڵى (2006) و پاشان  گەڕامەوە  سەرکار،   لەبەڕێوەبەرایەتى چالاکى قوتابخانەکان  وەک مامۆستاى بەشى مۆسیقا تا ساڵى (2011) و لە هەموو چالاکییە هونەرییەکان بەردەوام بووم .

پرسیار: بابگەڕێنەوە بۆ ناوەڕاستى ساڵى حەفتاکان ، بەڕێزتان وەک مامۆستایەکى هونەر و ئەکادیمى هیچ خولى موزیکتان بۆ منداڵان لەشەقڵاوە کردەوە؟ خولەکە تایبەت بوو بەچ ئامێرێک؟

مەجید خۆشناو: سەرەتای دەست بەکار بوونم وەک مامۆستا لە شەقڵاوە، ئەوکاتە سەنتەری لاوان(مركز الشباب)هەبوو لە شەقڵاوە پێش پەیوەندی کردنم بە شاخ ،چەند خولێکی موزیکم کردەوە زۆر ژەنیاری بە توانا  پێگەیشتن و بەڵام نەچوونە هیچ تیپ و گرووپیک و وەنەچوونە پەیمانگا  زۆر هەوڵمدا لە گەڵیان ئەو کاتە لەژێر کاریگەرى خانەوادەکانیان دا بوون هەموویان ئەیان وت مامۆستا ئێمە دەچینە کۆلێژی پزیشکی و ئەندازیاری تەواو ئەکەین، ئەوە بوو جیاوازی شەقڵاوە بۆ نموونە لەگەڵ کۆیە و ڕواندز، ئەوکاتەی ڕەوانشاد مامۆستا (زرار ڕواندزى 1937_7/12/2021) منداڵانى ڕواندزى پێ ئەگەیاند، منیش تیپی منداڵانم  هەبوو وە بەناوی شەقڵاوە  هەتا لە ڤیستیڤاڵی سلێمانی و زۆر چالاکی تر ئامادە بووین.

پرسیار: لەڕووى ئاوازدانانەوە تائێستا هیچ ئاوازێکت داناوە لەشاخ و لەشار ؟

مەجید خۆشناو: بەڵێ ئاوازم داناوە و زیاتر ئاوازەکانم  لەچوارچێوەى سروود دا بوون ، یەکێک لەو سروودانە (قۆچی قوربانی وڵاتم) لە هۆنراوەی ڕەوانشاد دکتۆر(مارف عومەر گوڵ 1/7/1956_ 15/1/2022) ئاوازم بۆدانا، ڕەوانشاد(تایەری خەلیلی) خوێندى، هەروەها هۆنراوەیەکی کاک (حەمە سەعید حەسەن) بەداخەوە ناونیشانى شیعرەکەم لەیاد نەماوە لەشەقڵاوە دوای ڕاپەڕین تومارمان کرد،

هەروەها دەیان سروودی مناڵان کەلە هۆنراوە و ئاوازی خۆم بوون ئەوکاتانەی لە چالاکی قوتابخانەکان بووم، لەوانە(کوردستانم ڕەنگینە) (کەش و هەوای وڵاتەکەم) ساڵی (2010) سیدیەکی تومار کراوی سروودەکانی ئەوکاتە زۆری ئاوازو تێکستی من بوون بڵاوکراوەتەوە،  لەساڵی ٢٠١١ تا ٢٠١٦ ئەو ماوەیەی لە ئامادەیی عەنکاوەی تێکەڵاو بووم  زۆر ئاوازو سروودم هەبوون تیپێکی تایبەتی موزیکم هەبوو لەهەولێرو چالاکی قوتابخانەکان بەشدار بووین، ئاوازێکم بەزمانى  ئینگلیزیش هەیە بەناوى (thank you tea cher) یەکێک بوو لەو ئاوارانە.

پرسیار : دەربارەى وەرگێڕان و نووسین، دەکرێت لەوبارەیەوە زانیاریمان  پێبدەى تائێستا چەند کتێبى وەرگێڕانت هەیە ؟ چەندیان نووسین و ئامادەکردنى خۆتانە؟

مەجید خۆشناو :  _  دەربارەی نووسین و کارى وەرگێڕان دەتوانم بڵێم لەدواى  دوای ڕاپەڕینەوە  بەردەوام لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکان بابەتى هونەریی ئەنووسم و بڵاوم کردۆتەوە ، جگە لە سازدانى دەیان کۆڕی موزیک  لە شەقڵاوەو یەکێتى نووسەرانی کورد لقى  هەولێر و لەکەرکوک سەنتەری ڕۆشنبیری کاک (تارق کارێزی)  و ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ دوو کۆڕی تایبەت لەسەر هونەرمەند ( کاوێس ئاغا1889_1936) وەتا ئێستا چوار پەڕتووکم  بە چاپ گەیاندوون .

ا_سەر بردەو ڕووداوی مێژوویی لە لاوکەکانی کاوێس ئاغادا

ب_لۆدڤێک ڤان بیتهۆڤن  زیاتر لە٤٠٠ لاپەڕەیە هەموو سیمفۆنیاو کۆنچێرتۆو، چوارینە ژێدەرەکان و سۆناتاو گشت کارەکانی موزیسیانی جیهانی بەڕەگەز جێرمانی لەخۆ دەگرێت لەنووسینی دکتۆر( حوسێن فەوزی ) و وەرگێڕانی لەزمانی عەرەبی.

،ج_ پەلکە زێڕینە ژیان و بەرهەمی زیاتر لە (30) هونەرمەند و ژەنیاری موزیک .

د_  دە ئاوازی جیهانی  زیاتر سیمفۆنیاو کارە جیهانیەکانن بۆ نموونە سەمفۆنیای  پێنجەمی بیتهۆڤن کە بە قەدەر(چارەنووس) ناسراوە، یەکێکە لەو ئاوازانە، لەنووسینی (سورەیا مەلحەس) لە عەرەبیەوە وەرمگێڕاوەتە سەرزمانى شیرینى کوردى .

زیاتر لە (3) پەرتووکیشم ئامادەن بۆ چاپ لەنێویاندا ،

ا_ جیهانی موزیک نووسینی دکتۆر (زەین نەسار ) وەرگێڕانی بەندە کە ٤٠٠ لاپەڕەیە.

ب_ لە ئاوێزانی هونەری موزیکدا ، موزیک لە ئۆپێراو   کۆنسێرت و  چوارینە ژێدەرەکان (17) بابەت لە خۆ دەگرێت کە لاوک و حەیرانی  کوردیشی  تیایە لەکاتی خۆیدا لە ڕۆژ نامەو گۆڤارەکان بڵاوم کردۆتەوە دوای کۆکردنەوەی ئامادەن بۆ چاپ.

ج_ پەرتوکێک تایبەت بە ئۆپێرا.

د_  ئەوەی ماوە ژیاننامەی یا دەوەرییەکانی خۆمن کەهەندێکم لێ نووسیوە.

پرسیار : لەئێستادا پەیوەندیتان لەگەڵ هونەرمەندانى  هەرسێ تیپى موزیک ( شەهیدکارزان  و چەوساوەکان و بانگەواز) بەژەنیار و دەنگبێژەوە ماوە ؟

مەجید خۆشناو : بەڵێ پەیوەندیم ماوە و هەربەردەوام دەبم ، چونکە ئەوە مێژوویەکە هەمیشە بەرزدەینرخێنم ،  هەندێک لەو هونەرمەندانە لەهەولێرن ، ئەوەی لە سلێمانی و شارەکانی تریش بە تەلەفۆن  پەیوەندیم  لەگەڵیاندا هەیە ، هەتا لەگەڵ ئەو کەسایەتیانە و  هونەرمەندی بەتوانا هەرچەندە کاری هونەریم لەگەڵ نەکردوون وەک هونەرمەندی بە توانا (جەمال ئامێدی) واتە بەگشتى ڕێزو خۆشەویستیم بۆ هەموو هونەرمەندانى نەتەوەکەم هەیە  لەناوەوەو دەرەوەى وڵات.

 

پرسیار: ئەو پەیوەندییە ڕۆحیەى نێوان  مەجید خۆشناو  و کاوێس ئاغا لەکوێوە سەرچاوەى گرتووە ؟

مەجید خۆشناو : پەیوەندی خانەوادەیی لەگەڵ خێزان و کوڕو نەوەکانی  هونەرمەند کاوێس ئاغا زۆر لەمێژە باپیرم  واتە  باوکی دایکم زۆر هاوڕێ و دۆستی نزیکى کاوێس  ئاغا بووە،  کاوێس  ئاغا چوار کوڕی هەبووە ( محەمەد، ئەحمەد، جەمیل و عەبدولڵا) ،  ئەحمەدى کوڕى کاوێس ئاغا فەرمانبە ری میری بووە ئەڵێن دەنگی خۆش بووەو زۆر جوان لاوکەکانی باوکى لە بۆنەکاندا وتۆتەوە ، ڕەوانشاد محەمەد کاوێس هاوڕێی نزیکی باوکم بوو زوو زوو دەهاتە لامان ، بۆیە من لام پیرۆز بوو ئەو پەیوەندییە بووە هاندەرێک بۆ من کە  لاوک و بەسەر هات و ژیانی کاوێس ئاغا لە کتێبێکی جوان دا کۆ بکەمەوە بەناوی ( سەربردە و ڕووداوی مێژوویی لە لاوکەکانی کاوێس ئاغادا)  چاپ بکەم و پێشکەشى کتێبخانەى کوردى بکەم، تا ئێستا چەندان کۆڕم لەسەر کردووە.

بەسوپاسەوە جەنابی  کاک ( ئومێد خۆشناو) پارێزگارى شارى هەولێر و هەروەها هونەرمەند (فەرهەنگ غەفوور)  پشتگیریان کردم لەنۆژەن کردنەوەی مەزارەکەی لە دێی (هەرشەم) پێشنیازی ئەوەشم کرد کە  گڵکۆکەى بگوازرێتەوە بۆ شەقڵاوەلە گردی زەیتوون لەنزیک پەیکەرەکەی خۆى  وەک  گڵکۆکەکەى هونەرمەندى نەمر ( حەسەن زیرەک1921_26/6/1972 ) لەناڵەشکێن ،  بەڵام داخەکەم نەکرا؟! .

پرسیار : جیا لەبەهرەى موزیکژەنین و نووسین و وەرگێڕان ، تواناى هۆنراوە نووسینیشتان هەیە، ئەو هەستە لەکوێ وە سەرچاوەى گرتووە؟ ئایا  هۆنراوەکانت بەچاپ گەیاندووە؟

مەجید خۆشناو:

دەربارەی شعرو هۆنراوە  بەڵێ من لەمێژە شیعر ئەنووسم ، ئەوەش بەشێکە لەژیانم و شیعریشم خۆش دەوێت و کاریگەرى شاعیرانى نەتەوەکەمم لەسەرە ، هەروەها بەهۆى ئەوەى وەرگێڕان دەکەم ، ئاشنام بەدنیاى شیعرى شاعیرانى عەرەب، دەتوانم بڵێم  زۆرێک لە هۆنراوەکانم کراون بەڤیدیۆ  جوانترین هۆنراوەشم بەدەنگی خاتوو (بەهار موفتی)  لە ڕادیۆیsiu بڵاو کراوەنەتەوە ،  ئەگەر دەرفەت بڕەخسێت و بەچاپیان  بگەیەنم دیوانێکى شیعرى لێدەردەچێت، جگە لەوەرگێڕانی شیعر لە زمانەکانی تر  بۆسەر زمانی کوردی، بۆ نموونە لەعەرەبیەوە هۆنراوەکانی (مەحموود دەرویش ، نەزار قەبانی ، سەمیح القاسم ، سەیاب و نازک الملائكة) جیهانیەکان  وەک کاڤگاو بانلۆ نەیرودا و زۆرانی تر، ئەویش دیوانێک ئەبێت.

پرسیار: ساڵى چەند خانەنشین بووى ؟ تائێستا هیچ مەراسیمێکى ڕێزلێنان لەبارەتەقاى مێژووى هونەریتان  لێنراوە کەى بوو ؟

مەجید خۆشناو: لەساڵى (2016)  کاری وەزیفیم تەواو بوو  خانەشین کرام، بەڵام دوای چالاکی قوتابخانەکان، لەئامادەیی بەهرەدارانی عەنکاوە بووم، لە ساڵی  یەکەم  خولێکی موزیکم بۆ کردنەوە  تیپێکی  موزیکم لێدروست کردن،  بەشداری هەموو چالاکیەکانمان پێ دەکردن لە شارى هەولێر، هەر وەفدێک کە دەهات بۆ قوتابخانەکەمان  چالاکییەکانیان دەبینى  ستایش دەکراین وچەند جار سوپاسنامەو خەڵات کراوین، بەڵام گەورەترین ڕێزلێنان بە سوپاسەوە برای بەڕێزو خۆشەویست مامۆستا (وشیار مەرجان) بە ئامادە بوونی جەنابی پارێزگارو ژمارەیەکی زۆری هونەرمەندو نووسەرو خەڵکانی ڕۆشنبیری شارەکەم هەولێر ، بۆم ئەنجامدرا.

پرسیار: ساڵى چەند هاوسەرگیریتان کردووە؟ هیچ یەکێک لەمنداڵەکانت لەبوارى  هونەردا کاردەکەن؟

مەجید خۆشناو: ساڵی (1990) ژیانی هاوسەریم پێکهێناوە و سێ کچم هەیە بەناوەکانی (میدیاو تاراو لارا) هەر سێکیان چوونەتە ماڵى خۆیان، لەناویاندا(لارا خان) ژەنیاری ئامێرى کەمان ڤیۆلۆنە.

 هونەرمەند مەجید خۆشناو لەدواى خانەنشین بوونى لە شارۆچکەی عەنکاوەی شاری هەولێر ژیان بەڕێ دەکات، دەخوازین پڕتەندروست و تەمەندار و هەمیشە ئارام بژى(*) .

جەمال عومەر ( جەمالى دەلاک) 28/6/2026) سلێمانى .

سەرچاوە :

(1)  پەیوەندى تەلەفۆنى لەگەڵ هونەرمەند و مامۆستا ( فەرەیدون دارتاش )  (9/2/2026) ئەڵمانیا .

(2) عەبدوڵڵا حەسەن قادر ئەحمەد خۆشناو، دیمانە: وریا ئەحمەد، گۆڤاری چلاواز ژمارە (41) تەمووزی 2009.

(*) سوپاس و ستایش بۆ هونەرمەند ( مەجید خۆشناو) لەڕێکەوتى (8/6/2026) لەڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیم پێوەکرد و وەڵامى پرسیارەکانى دامەوە  ( سلێمانى _ هەولێر) ( ج،د) .

هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.