وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی ساڵانی 2019 تاوەکو 2025، ئاماری وردی خەرجییە کردارییەکانی حکوومەتی لەو حەوت ساڵەدا خستەڕوو، کە تێیدا دەرکەوتووە قەبارەی خەرجییەکان گەیشتووەتە زیاتر لە 87 ترلیۆن و 500 ملیار دینار.
بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکەی وەزارەتی دارایی، زۆرترین ڕێژەی خەرجییەکان بۆ مووچە تەرخانکراوە، کە بڕەکەی زیاتر لە 65 ترلیۆن دینار بووە. ئەوەی دەمێنێتەوە بەم شێوەیە دابەشبووە:
زیاتر لە 14 ترلیۆن دینار بۆ خەرجیی بەکارخستن (خزمەتگوزارییەکانی ڕۆژانەی فەرمانگە و وەزارەتەکان).
زیاتر لە 4 ترلیۆن دینار بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.
نزیکەی 4 ترلیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە ئەم ژمارانە تەنها خەرجییە کردارییەکانن و ئەو مووچانەی تێدا نییە کە لەو ماوەیەدا خەرج نەکراون، هەروەها پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران، جیاوازیی مووچەکان، و شایستە داراییەکانی بەڵێندەران و کۆمپانیاکانیش ناگرێتەوە کە وەک قەرز ماونەتەوە.
لە ڕوونکردنەوەیەکی گرنگدا، وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە کە لە دوای ساڵی 2013وە، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق تەنها بەشێک لە تەمویلی مووچەی ناردووە. بەو پێیەش، سەرجەم خەرجییەکانی تری وەک (بەکارخستن، وەبەرهێنان و بەرهەمهێنانی کارەبا) بە تەواوی لە داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابینکراون.
ئەم ڕاپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ئەو فشارە داراییە گەورەیەی لەسەر حکوومەتی هەرێم بووە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا بۆ بەڕێوەبردنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان و دابینکردنی مووچە لە سایەی کێشە داراییەکان و سنوورداریی ناردنی پشکی هەرێم لەلایەن بەغداوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.